Mesut Varol
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
وان – AA
لە میانی کارەکانی کنە و هەڵکۆڵین لە قەڵای ئایانس کە لەلایەن دەوڵەتی ئورارتوو دروست کراوە و بەسەر دەریاچەی واندا دەڕوانێت، پلێتی رووپۆشی تەلارسازیی برۆنزیی کە وا لێک دەدرێتەوە بنەماڵەی شاهانە وەک خشڵێکی دیوار بەکاریان هێنابێت دۆزرایەوە.
شوێنەوارە بە نەخش و نیگارەکانی ئەم قەڵایە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە سنووری کارگێڕی قەزای توشبا لە پارێزگای وان، ٣٤ ساڵە کارەکانی کنە و هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسی تیادا ئەنجام دەدرێت.

لە میانی کارەکاندا ئەو تیمەی بە سەرۆکایەتی مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسی زانکۆی ئەتاتورک، پرۆفیسۆر دکتۆر مەهمەت ئشکڵی پێک هێندراوە چوار ژووری نوێیان لە قەدپالی باکووری قەڵاکە دۆزیووەتەوە. تیمەکە پلێتێکی رووپۆشی برۆنزیان دۆزیووەتەوە کە وا لێک دەدرێتەوە بنەماڵەی شاهانە وەک خشڵێکی دیوار بەکاریان هێنابێت. لەلایەن شوێنەوارناسانەوە لە تاقیگە راڤە بۆ پلێتەکە دەکرێت.
پرۆفیسۆر دکتۆر مەهمەت ئشکڵی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە میانی کارەکانیاندا لە باکووری قەڵاکە شوێنەواری زۆر سەرسوڕهێنەریان دۆزیووەتەوە، گوتی: "تەلارسازی سێ لەو چوار شوێنەوارەمان دەستنیشان کردووە کە ئەمساڵ دۆزیووماننەوە. لە ژوورەکاندا چەندین سەرەداو دەرکەوتوون بە تایبەت سیرامیک. چەندین شت دۆزراونەتەوە کە لە دار دروست کراون".

پرۆفیسۆر دکتۆر مەهمەت ئشکڵی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە یەکێک لەو ژوورە نوێیانەی دۆزیوویاننەوە شوێنەوارێکی بێهاوتایان دۆزیووەتەوە، گوتی: "پلێتی رووپۆشی تەلارسازیی برۆنزییمان دۆزیووەتەوە. شوێنەوارێکی زۆر ناوازە و بێهاوتایە. هەرچەند پێشتر شوێنەوارەکانی دەوڵەتی ئورارتوو بە پارچە پارچە دۆزرابنەوە، گرنگی ئەم پلێتە لەوەدایە هەمووی پێکەوە دۆزراوەتەوە. پلێتەکە رازێندراوەتەوە. ئەگەری زۆرە وەک توخمێکی رازاندنەوەی تەلارساریی بەکار هێندرابێت".
شوێنەوارناس دکتۆر ئۆغوز ئاراس کە لە شوێنەوارە دۆزراوە کانزایییەکانەوە دەکۆڵێتەوە بە ئاماژەدان بەوەی دۆزینەوەی ئەم پلێتە لە کنە و هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکاندا نموونەیەکی نوێیە، گوتی: "دەوڵەتی ئورارتوو خاوەن تۆڕێکی کانزایی گەورە بوو و ئەمە لە هەموو شوێنێک دەبیندرێت. لە نەخش و نیگاری سەر دیوارەکانیشدا ئەوە دەبیندرێت. توخمی رازاندنەوە لەسەر دیوار و گۆشە دیوارەکاندا دەبیندرێن".
