Sangar Hamad Azeez
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
وان
لە روونکردنەوەیەکدا سەرۆکی ژووری بازرگانی وان نەژدەت تاکوا رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران کە ماوەی ٤٠٠ ساڵە بە ئاشتی و ئارامییەوە بەیەکەوە دەژین زیاتر بەرەوپێش ببەین. بۆ ئەم مەبەستەش لەمەودوا گەشتی ئاسمانی نێوان وان - ئورمیە دەست پێ دەکات کە نزیکەی ٣٨٠ کیلۆمەتر دەبێت".
ناوبراو گوتی: "گەشتی ئاسمانی نێوان وان - ئورمیە هەنگاوێکی گرنگە و هاوکات سوودێکێ زۆری ئابووریش بە ناوچەکە دەگەیەنێت".
نەژدەت تاکوا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە هەوڵێکی زۆریان داوە تاکو ئەم کارەیان رێکخست و گوتی: "لە ٢٢ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانی وان - ئورمیە دەست پێ دەکات و دواتر بۆ ماوەی مانگێک هەموو رۆژ بەردەوام دەبێت".
ئەو بەرپرسە گوتی: "ئەگەر بێت و گەشتەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و گەشتیاری هەبوو ئەوکات درێژە بە کارەکە دەدرێت".
نەژدەت تاکوا گوتی: "لە پلانمان دایە ئاستی بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئێران بگەیەنینە ٣٠ ملیار دۆلار و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەین سوود لە هەموو بوارێک وەربگرین".
ناوبرو تیشکی خستە سەرئەوەی لە پاڵ گەشتەکانی ئاسمانیدا هەوڵ دەدەن دەروازەکان بکەنەوە و گەشتی زەمینیش ئەنجام بدرێت و لە کۆتاییدا گوتی: "بەیەکەوە لە جوگرافیایەکی سەخت دەژین. کارە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری لەسەر ناوچەکان دەبێت و سوودێکی ئابووری زۆر بە ناوچەکان دەگەیەنێت. چۆن ئێمە دەروازەیەکی گرنگی ئەورووپاین بۆ ئێران، ئێرانیش دەروەزەیەکی گرنگی ئاسیایە بۆ ئێمە. هەردوولا تەواوکەری یەکترین لە رووی ئابوورییەوە".