Mohammed Baqi Hussein
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2016
چالاكییەكانی پەكەكە و رووداوەكانی ئەم دواییە، بوونەتە هۆی دابەزاندنی ئاستی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە شاری دیاربەكر و كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو كەرتە كردووە.
بەهۆی ئەو كەشە ئارامەی لەسایەی قۆناغی چارەسەردا لە توركیا رەخسابوو، كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بوو، بەڵام بەهۆی چالاكییەكانی پەكەكە و رووداو و پێكدادانەكانەوە كە ماوەی هەشت مانگە دەستی پێكردووە، لە دیاربەكر لە مانگی شوباتی رابردوودا كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بەڕێژەی سەدا نۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمە لە كاتێكدایە لە توركیا بەگشتی بەڕێژەی سەدا حەوت كەرتەكە گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئەو داتایانەی پەیامنێری ئانادۆڵو لەبارەی فرۆشتنی خانووبەرەوە لە مانگی شوباتی رابردوودا لە دەزگای ئاماری توركیای وەرگرتووە، فرۆشتنی خانووبەرە لە دیاربەكر لە مانگی كانوونی دووەم و شوباتی رابردوودا لەچاو هەمان دوو مانگی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی سەدا 15 كەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو رێژەیە بۆ مانگی شوبات لەچاوی شوباتی ساڵی رابردوودا، سەدا نۆیە.
لە دیاربەكر لە مانگی كانوونی دووەمی 2014دا 937 خانوو فرۆشراوە و ئەو ژمارەیە لە كانوونی دووەمی 2015دا بەڕێژەی سەدا 19 هەڵكشانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە هەزار و 114 خانوو. بەڵام لە كانوونی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی سەدا 20 دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بۆ 890 دابەزی.
لەمانگی شوباتی 2014شدا لە دیاربەكر 934 خانوو فرۆشرابوو، مانگی شوباتی 2015 بەڕێژەی سەدا 27 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە هەزار و 194. بەڵام لەمساڵدا بەڕێژەی سەدا نۆ دابەزی و گەیشتەوە هەزار و 82 خانوو.