Mohammed Baqi Hussein
11 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2016
سەرۆكوەیزرانی توركیا ئاماژە بەوە دەدات، كە كەسانێك دەیانەوێت ئەو ئاگرەی لە سووریا و عێراق هەیە پەل بۆ توركیاش بهاوێژێت و دەڵێت، "لە شاری ئورفاوە كە تێیدا تورك و كورد و عەرەب شان بەشانی یەكتر بۆ مەدالیای ئیستیقلال خەباتیان كرد دەڵێم، لەبەرانبەر شەیدایی ئێوەدا بۆ فیتنە و ئاژاوە، ئێمە شەیداییمان بۆ برایەتی هەیە. شەیدایی ئیستیقلالمان چەندە بەهێز و ریشەداربێت، دژی فیتنەچی و دابەشكار و تیرۆریستانیش شەیدایی برایەتیمان هێندە بەهێزە".
لەچوارچێوەی ئاهەنگی 96ەمین ساڵوەگەڕی رزگار كردنی شاری ئورفا، داودئۆغڵو بەشداریی لە مەراسیمی پێدانی مەدالیای رێزلێناندا كرد.
- "كەسانێك دەیانەوێت تۆوی فیتنە بچێنن"
داودئۆغڵو ئاماژەی بە رێكکەوتننامەی سایكس- پیكۆ دا و رایگەیاند، كەسانێك نەخشەیان كێشاوە و هەوڵی لێكجیاكردنەوەی برایان لە برا داوە، بەڵام دوای 100 ساڵ ئورفا باوەشی بۆ براكانی كردۆتەوە.
داودئۆغڵو گوتی: "كەسانێك دەیانەوێت ئاگری فیتنە و ئاژاوە هەڵبكەن، كەسانێك دەیانەوێت ئەو ئاگرەی لە سووریا و عێراق هەیە پەل بۆ توركیاش بهاوێژێت. كەسانێك دەیانەوێت تۆوی دووبەرەكی و جیاكاریی نەتەوەیی و مەزهەبی لەنێو ئەو 78 ملیۆنەدا بچێنن كە لە ئەزەلەوە برا بوون. لە شاری ئورفاوە كە تێیدا تورك و كورد و عەرەب شان بەشانی یەكتر بۆ مەدالیای ئیستیقلال خەباتیان كرد دەڵێم، لەبەرانبەر شەیدایی ئێوە بۆ فیتنە و ئاژاوە، ئێمە شەیداییمان بۆ برایەتیی هەیە. شەیدایی ئیستیقلالمان چەندە بەهێز و ریشەداربێت، دژی فیتنەچی و دابەشكار و تیرۆریستانیش شەیدایی برایەتیمان هێندە بەهێزە".