Abdullah Shukur
24 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2019
قەیسەری - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار، رایگەیاند "پلانەکانمان بۆ پاککردنەوەی رۆژھەڵاتی فوڕات لە تیرۆریستان، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و گەڕانەوەی برایانی سووری بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئامادەیە. لە کات و ساتی خۆیدا، ئەم پلانانە بە رێنمایی سەرکۆمارمان جێبەجێ دەکرێن".
ئاکار لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ئاک پارتی کە بە بەشداری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گۆڕەپانی جمھوریەت لە شاری قەیسەری بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئاکار ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە سوپای تورکیا تەنھا ٤٠ رۆژ لە دوای ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز توانیویەتی بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات زیاتر لە سێ ھەزار تیرۆریستی داعش لە جەرابلوس، ئەلباب و عەزاز لە چالاکی بخات.
ئاکار ئاماژەی بەوە دا کە ھەرگیز رێگە بە دروستکردنی رێڕەوێکی تیرۆر لە باکووری سووریا نادەن و گوتیشی: "پلانەکانمان بۆ پاککردنەوەی رۆژھەڵاتی فوڕات لە تیرۆریستان، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و گەڕانەوەی برایانی سووری بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئامادەیە. لە کات و ساتی خۆیدا، ئەم پلانانە بە رێنمایی سەرکۆمارمان جێبەجێ دەکرێن".
ئاکار رایگەیاند: "بەمەبەستی پاراستنی مافەکانمان لە نیشتمانی شین (کەناراوەکانی دەوروبەری تورکیا) کە ٤٦٢ ھەزار کیلۆمەترە، گشت چالاکییەک ئەنجام دەدرێت. لە ئیجە، رۆژھەڵاتی دەریای سپی، قوبرس و دەریای رەش رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر. ھاویشتنی ھەر ھەنگاوێک بەبێ تورکیا، چانسی سەرکەوتنی نییە. لەم شوێنانەی کە باسم لێوە کرد بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە سەپاندنی ئەمری واقیع نادەین".