Sarp Özer
23 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2021
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوە کرد کە یۆنان بەردەوامە لەسەر شەڕەنگێزییەکانی و رایگەیاند ''دەمەوێت وەبیرخۆیاندا بهێنمەوە کە ئەو رێگایە، رێگای دەرچوون نییە. ناتوانرێت بەو گوتانە، هەڕەشانە و شەڕەنگێزیانە بگەنە هیچ شوێنێک''.
خولوسی ئاکار بە یاوەری سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ ئومیت دوندار و فەرماندەی هێزەکانی دەریایی، ئەمیراڵ عەدنان ئۆزباڵ و فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانیی، جەنەراڵ حەسەن کوجوکئاکیوز و جێگری وەزیر، موحسین دەرە کەشتی هێرشبەری TCG Anadoluی بەسەرکردەوە کە لە کەشتیسازیی ئیستانبوڵ سەدەف دروستکردنی درێژەی هەیە.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کەشتیسازەییەکەدا، زانیاری وەرگرت لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکان و دەستخۆشی لێکردن و ئاماژەی بە هەنگاوە گرنگانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا لە پیشەسازی ناوخۆیی و نیشتمانییدا گیراونەتەبەر.
خولوسی ئاکار باسی لەوە کرد کە پیشەسازی بەرگریی گەیشتووەتە ئاستێک هەناردە دەکات لە هەموو جۆرەکانی چەکی سووک، تۆپ، هێلیکۆپتەر، کەشتی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدار و پێداویستی ئەلیکترۆنییدا.
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوە کرد کە سوپای وڵاتەکەی بە فیداکاری گەورەوە پێداگرانە بەردەوامە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: ''تا ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ-برووسکە و چنگ-ههورهتریشقەدا، ١٢٤ تیرۆریست لە چالاکی خراون. حەشارگەکانیان بەسەریاندا رووخێندراون و بەردەوامیش بەسەریاندا دەڕوخێندرێت''.
گوتیشی: ''لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، هەزار و ١٠٧ تیرۆریست لە چالاکی خراون''.
خولوسی ئاکار ئاماژەی بە هەندێک کێشە کرد لە دەریای ناوەڕاست و قوبرس-دا و گوتی: ''ئێمە لەگەڵ ئەوەین لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییدا ئەو کێشانە لە چوارچێوەی پەیوەندی دراوسێی باشدا و بە قسەکردن لەگەڵ یۆنانی دراوسێ بەیەکەوە بە ئاشتیی چارەسەر بکەین''.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار هەروەها باسی لەوە کرد کە یۆنان بەردەوامە لەسەر شەڕەنگێزییەکانی لەبارەی ئەو کارانەی تا ئەمڕۆ کراون و رایگەیاند ''یۆنانی دراوسێمان بە کردە و گوفتارەکانی ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ خراپکردنی ئەو کار و کردە ئەرێنیانەی کراون''.
گوتیشی: ''دەمەوێت وەبیرخۆیاندا بهێنمەوە کە ئەو رێگایە، رێگای دەرچوون نییە. ناتوانرێت بەو گوتانە، هەڕەشانە و شەڕەنگێزیانە بگەنە هیچ شوێنێک''.