Zuhal Demirci
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
نوێنهری تایبهتی ئهمریكا بۆ كاروباری سووریا، جێمس جیفری و شاندى ياوەرى بەمەبەستى ئەنجامدانى دیدار و کۆبوونەوەی فەرمى گەيشتە ئەنقەرە.
ئەو فڕۆكەى كە جیفرى و شاندەكەى هەڵگرتبوو كاتژمێر ١٩:٠٠ لە فڕۆكەخانەى نێودەوڵەتى ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە نيشتەوە. راوێژكارى پێشكەوتوو ريچ ئاوتزەنيش هاوەڵى جێفرى كردووە.
جیفرى لە روونكردنەوەيەكيدا بۆ رۆژنامەنووسان، رايگەياند كە لە جنێڤەوە هاتووە و پێشهاتى سەرنج راكێشى دەربارەى دۆخى سوورياى پێيە.
جیفرى ئەوەى وەبيرهێنايەوە، كە گەڕى سێيەمى كۆبونەوەكانى ليژنەى نووسينەوەى دەستوورى سووريا لە جنێڤ دەستيپێكردووە و گوتى، "دەستپێكێكى باشە. هاندانى توركيا بۆ بەشداريكردنى سەرجەم ئەندامانى ليژنەى دەستوور، بە تايبەتى ئۆپۆزسيۆن زۆر سوودى هەبوو".
جیفرى ئەوەشى راگەياند كە لە ئێستادا چاوەڕێى دەرچوونى ئەنجامى پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێى چەند ئەندامێكى ليژنەكەن و گوتى، "بەڵام ليژنەى دەستوور بە رێگەى سياسييەوە بەرەو پێشدەچێت و لە راستيدا زۆر دڵخۆشين لەوەى كە واز لە بەرەوپێشچوون ناهێنێت".
سەبارەت بە دۆخى سووريا جیفرى گوتى: "پێويستە لاپەڕەى سەربازى ئەم پێكدادانە كۆتايى بێت. شوێنى زياتر نييە تاكو رژێم بيباتەوە. پێويستە رژێم بگەڕێتەوە سەر مێزى گفتوگۆ و بەو بەشەى ماويەتى گرنگى بە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بدات. ئەمە لە پێشينييەكانى ئێمەيە. ئەمڕۆ و سبەى، لەگەڵ بەرپرسە توركەكانيش دەربارەى ئەم بابەتە گفتوگۆ دەگەين".
- "پێويستە توركياش لەسەر مێزى چارەسەركردنى قەيرانى سووريا ببێت"
لەسەر وەبيرهێنانەوەى گوتارەكەى دوێنێى سەركۆمارى توركيا رەجەب تەيب ئەردۆغان كە گوتبووى، ئەمریكا و ناتۆ لە برى ئەوەى لە پاڵ هاوپەيمانەكەياندا بن لە پاڵ رێكخراوى تيرۆريستين، جیفرى گوتى، "لەماوەى دوو ساڵدا كە لێرەبووم چەندين جار وڵامى ئەو پرسيارەم دايەوە. ئەمريكا و توركيا هاوپەيمانى زۆر نزيكى يەكترن. جگە لە سووريا لە زۆر بواردا ئەم هاوپەيمانييەتيەمان سەلماندووە".
سەبارەت بە رۆڵى توركيا لە چارەسەركردنى قەيرانى سووريا جیفرى گوتی: "توركيا، دراوسێى سووريا و عێراقە. لە ساڵى ٢٠١٤دا لە گەڵ سەرهەڵدانى داعش لە سووريا ببينن چى لە عێراق روويدا. توركيا رووبەرووى هەموو ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە كە لە سوورياوە دێن. سووريا، بۆ توركيا و سەرجەم دراوسێكانى هەڕەشەيەكى ئەمنى و جيۆسياسييە. پێويستە توركياش لەسەر مێزى چارەسەركردنى قەيرانى سووريادا بێت".