Ahmet Esad Şani,Fatih Türkyılmaz
20 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2019
تۆكیۆ ــ AA
پێشانگایەكی فۆتۆگرافیی كە فۆتۆ خەڵاتكراوەكانی پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی "Istanbul Photo Awards 2019 " كە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵوەوە سازكراوە لە شاری تۆكیۆ پایتەختی ژاپۆن، كرایەوە.
لە پێشانگاكەدا كە بە میوانداریی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، موستەفا ئۆزكایا، باڵیۆزی توركيا لە ژاپۆن، حەسەن موراد مەرجان رێكخراوە، فۆتۆ خەڵاتكراوەكانی "2019Istanbul Photo Awards " لە ناوەندی رۆشنبیری یونس ئیمرە لە تۆكیۆ نمایشكران كە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
لە میانی پێشانگاكەدا، موستەفا ئۆزكایا گوتەیەكی پێشكەشی كرد و تیادا ئاماژەی بەوەكرد، ئاژانسی ئانادۆڵو خاوەن شارەزاییەكە لە بواری كاری رۆژنامەوانی هەیە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ و باسی لەوەشكرد كە ئەم پێشانگایە بە ئامانجی خەڵاتكردنی فۆتۆگەرە رۆژنامەوانییە سەركەوتووەكان كراوەتەوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، موستەفا ئۆزكایا راشیگەیاند كە جێگەی خۆشحاڵییە كە "Istanbul Photo Awards" لەسەر ئاستی جیهاندا، بووەتە پێشبڕكێیەكی بەناوبانگ و ئاشكراشیكرد كە مانگی داهاتوو بەهەمان شێوە، پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی فۆتۆ "Istanbul Photo Awards 2019 " لە نیۆیۆرك دەكرێتەوە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی توركیا لە ژاپۆن، حەسەن موراد مەرجان خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی پێشانگاكە نیشاندا و گوتی:"لە پیشانگاكەدا، كۆمەڵێك فۆتۆی زۆر مانابەخش نمایشكراون كە باس لە رووداوی جیاجیا دەكەن".
حەسەن موراد مەرجان باسی لە گرنگی كردنەوەی پێشانگاكە كرد و گوتی: "كردنەوەی ئەم پێشانگایە دەبێتە مایەی پتەوتركردنی پەیوەندی رۆشنبیری نێوان توركیا و ژاپۆن".
لە پێشانگاكەدا، ئەو فۆتۆیانە نمایشكراون كە تایبەتن بە رووداوە سیاسی، شەپۆلەكانی كۆچكردن، رووداوی سروشتی، چیرۆكی مرۆیی كاریگەر لە جیهان.
لە هەشتی ئەم مانگە دەنگدان لەسەر باشترین فۆتۆكانی 2020 كە ئەویش لە لایەن ئاژانسی ئانادۆڵووە لە ئیستانبوڵ ساز دەكرێت دەستی پێكردبوو.