Utku Şimşek
26 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە کە ئەو هاریکارییەی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە بواری بەرگرییدا ئەنجامی دەدات، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیری ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگ دەبینن.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە ٥٠هەمین و دوایین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ساڵدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتەکە لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیجی فراواندا بە سەرکەوتوویی بەردەوامە لەسەر ئەو کار و چالاکییانەی لە پێناو مانەوەی دەوڵەت و ئاسایشی گەلەکەیدا ئەنجامیان دەدات.
ئاکتورک لە بارەی هاریکاریی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا رایگەیاند: "ئەو هاریکارییەی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە بواری بەرگرییدا ئەنجامی دەدات، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیری ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگ دەبینین. پێمان وایە ژێرخانی بەهێزی پیشەسازی بەرگریی تورکیا، ئەزموونەکانی لە بواری تەکنەلۆجیای بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سوپاکەی کە زۆر وڵات کردوویاننەتە نموونە، هاوکاری گرنگ دەبن لە زیادکردنی توانای ئەمنیی و بەرگریی سووریادا".
باسی لەوەش کرد کە دوای سەردەمێکی تاریک لە سووریا، پەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە و، ڕایگەیاند: "پشتگیری لە هەنگاوەکانی ئاشتیی و ئارامیی و سەقامگیریی دەکەین و، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و پێکهاتەی یەکگرتوویی دراوسێی باشوورمان بەپێویست دەزانین".
سەبارەت بە سەردەمی نوێی سووریا، ئاکتورک رایگەیاند: "پشتیوانی لە کارەکان و بانگەوازی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکەین بۆ یەک سووپا. جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر خواستمان بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و، ئەوەی کە لە ئایندەی سووریا و ناوچەکەدا هیچ شوێنێک نییە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە نێویشیاندا داعش و پەکەکە/یەپەگە و درێژکراوەکانی و ڕێگەی بەوەیش نادەین. هەولەکانمان بەردەوامن لە بارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەتی پەنابەرە سوورییەکاندا و، وەک ئەوەی هەتا ئەمڕۆ پشتیوانی گەلی سووریامان کردووە لەمەودواش پشتیوانی دەکەین".
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، ٧٢ هەوڵی دەستدرێژی و هێرش کردنە سەر یەکەکانمان دراوە، لەوانەیش ١٧یان لە عێراق و ٥٥یان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سووریادا بووە.
گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون بە باکووری عێراق و سووریاشەوە ٦٢ تیرۆریست لە چالاکی خراون. بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لەمساڵدا لەچالاکی خراون گەیشتووەتە سێ هەزار و ٢١ تیرۆریست".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا بەتایبەتی منبج و بەنداوی تشرین، ئاکتورک رایگەیاند: "کۆنترۆڵی منبج و بەنداری تشرین لەدەست سوپای نیشتمانی سووریادایە. لێدوانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە بارەی پێشڕەویەکانی لەم ناوچانەدا پەیوەندی بەڕاستیی گۆڕەپانەکەوە نییە".