Dmitri Chirciu
26 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2024
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە بە تێگەیشتنەوە لە نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە ئاسایشی سنووری سووریا دەڕوانن و، ڕایگەیاند: "پێویستە بەرژەوەندیە ئەمنییەکانی تورکیا بە پارێزگاری کردن لە سەروەری، یەکپارچەیی و یەکێتیی خاکی سووریا دەستەبەر بکرێت. حکوومەتی تورکیا هەڵوێستی لەم ئاراستەیەدایە و ئێمەیش پشتیوانی لێدەکەین".
لاڤرۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، بە شێوەیەکی ئۆنڵاین وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ باسی لە دۆخی سووریا کرد و، ئاماژەی بەوە کرد پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە دیپلۆماتکارانی ڕووسیای بانگهێشتی وڵات نەکردووەتەوە و باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق وەک جاران بەردەوامە لەسەر کارو چالاکییەکانی.
گوتیشی: "لە ڕێگەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانمانەوە بەردەوامین لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتی نوێی سووریا. ڕاوێژ دەکەین لە بارەی پرسەکانی وەک دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیانی ڕووس و بەردەوامی کارکردنی باڵیۆزخانەکەمان بە سەلامەتی. بەگشتیی ئامادەین بۆ گفتوگۆ لە بارەی پەیوەندیە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی دیکە و ڕۆژەڤی هەرێمیی و، لەگەڵ ئەوەشداین".
سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع لە بارەی ڕووسیا، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: "شەرع پەیوەندییەکانی وڵاتەکەمانی بە ماوە درێژ و ستراتیجی ناوزەند کرد. پشتیوانی لەو هەڵوێستە دەکەین. ئامادەی درێژەدانین بە هاریکاریی لەگەڵ سووریا لە هەموو بوارێکدا".
لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد کە ڕۆژئاوا گوشار لە شەرع و نزیکەکانی دەکات و، گوتی: "ئەمریکییەکان و ئەورووپییەکان (لە سووریا) چالاک بوون. هەمووان هەوڵ نادەن بۆ دەستەبەرکردنی یەکێتیی لە نێوان گرووپە سیاسیی و نەتەوەییەکان لە سووریا، بەڵکو دەیانەوێت کار بکەن بۆ دروستکردنی کاریگەری خۆیان و دەستبەسەرداگرتنی خاکدا".
هەروەها سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی سووریا، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: "بە تێگەیشتنەوە لە نیگەرانییەکانی حکوومەت و گەلی تورکیا سەبارەت بە ئاسایشی سنووری سووریا دەڕوانین. ڕووداوگەلێکی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ڕوویدا کە دەیانجار لەسەر سنوور پشێویان دروستکردووە. پێویستە بەرژەوەندیە ئەمنییەکانی تورکیا بە پارێزگاری کردن لە سەروەری، یەکپارچەیی و یەکێتیی خاکی سووریا دەستەبەر بکرێت. حکوومەتی تورکیا هەڵوێستی لەم ئاراستەیەدایە و ئێمەیش پشتیوانی لێدەکەین".
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لاڤرۆڤ ئەوەیشی خستەڕوو ئەمریکا خاکی ڕۆژهەڵاتی سووریای داگیرکردووە و، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کردەوە و، ڕایگەیاند: "لەم ناوچەیەدا یەدەگی نەوت و خاکی بەپیت هەیە. هەموو ئەم سەرچاوانە هەناردە دەکرێن. ئەو پارانەی لەم سەرچاوانە دەستدەکەوێت بۆ پشتیوانی کردنی گرووپە جوداخوازەکان خەرج دەکرێت. ئەمریکییەکان ئەم گرووپانەیان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست کرد".
هاوکات لاڤرۆڤ بەپێویستی زانی کە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە ڕێگە بە دابەشبوونی سووریا نەدرێت.