Yıldız Nevin Gündoğmuş
17 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
لە "مۆزەخانەی دیموکراسیی ١٥ی تەمووز" کە دوێنێ لەلایەن سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە کرایەوە، لە رێگەی دەنگی تایبەت و ئیفێکتى بينراوەوە ھەوڵی كودەتا ناپاکەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ نیشانی سەردانیکاران دەدرێت و گیانی یەکبوونی رێگرتن لە ھەوڵەکە سەرلەنوێ وەبیردەھێندرێتەوە.
مۆزەخانەکە، کە لە بەرامبەر کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە بێشتەپە درووستکراوە، لە ھەشت ھۆڵی بە ناوەکانی "کودەتاکانی تورکیا و جیھان"، "ھەرەشەی فیشەکێک"، "دەربازبوون لە تاریکی"، "درێژترین شەو"، "ئەوانەی شوێنەواریان بەجێھێشتووە"، "سەلا"، "رێزگرتن لە شەھیدەکان" و "ئێشکگرتن بۆ دیموکراسی" پێکدێت.
لە یەکەم بەشی مۆزەخانەکە، کە بە ئامانجی ناساندنی رووداوەکانی ١٥ی تەمووز لە رێگەی ئامرازی دیجیتاڵی بە نەوەکانی داھاتوو، کودەتاکانی تورکیا و جیھان بە نوسراو و بینراو پێشکەش دەکرێت.
- بایۆگرافی ھەر شەھیدێک بە تەنھا باس دەکرێت
لە مۆزەخانەکەدا، بۆ شەھیدەکان بەشى تايبەت لە شێوەی ئاوێزە درووستکراوە و بایۆگرافی ھەر شەھیدێکی تێدا جێکراوەتەوە.
محەمەد چەلیک، کە لە شاری ئایدنەوە ھاتووە بۆ بینینی مۆزەخانەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو شتانەی لێرە بینیویەتی زۆر کاریگەری تێکردووە و گوتی: "ئەم وڵاتە، ئەم ئاڵایە هى ھەموومانە، ئامادەم بە خۆشییەوە گیانم فیدای ئەم وڵات و ئەم ئاڵایە بکەم. خوای گەورە ناخۆشییەکی دیکەی ئاوها نیشانى وڵاتەکەمان نەدات".
- "بۆ ئەوەی لە بیرم نەچیت ھەموو ساڵ دێم"
یاشار ئونال، کە لە ئەڵمانیاوە بۆ سەردانیکردنی مۆزەخانەکە ھاتووە، سەرسامی خۆی بە مۆزەخانەکە دەربڕی و گوتی: "ئەوەندە جوان دروستیان کردووە دووبارە ئەو رۆژە ژياينەوە. خوای گەورە جارێکی دیکە ئەو رۆژەمان نیشان نەداتەوە و لە بیریشمان نەباتەوە. بۆ ئەوەی لە بیرم نەچێت ھەموو ساڵ دێم".
- "یەکێکم لەو کەسانەی کە لە کزڵئای خۆم خستە بەردەم تانکەکان"
خالید چاغداش، کە لەگەڵ کچە ١٣ ساڵانەکەی ئەرجین ئەلیف چاغداش ھاتبوو بۆ بینینی مۆزەخانەکە، یادەوەرییەکانی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ی وەبیرھاتەوە و گوتی: "من یەکێکم لەو کەسانەی کە کاتژمێر ٢٢:٢٠ی شەوی ١٥ی تەمووز کە لە کزڵئای خۆم خستە بەردەم تانکەکان. یەکێکم لەو کەسانەی کە لە چوارڕێیانی سەرۆکایەتی ئەرکان بەرەنگاربوونەوەم کرد".