Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
وەزیری بەرگریی تورکیا، فکری ئشک رایگەیاند: ''بنکەی ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. دوای ئەوەی کە تورکیا رێگەی پێداون، لەوێ بوونیان هەیە''.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ''ئایا داخستنی بنکەی ئینجئرلیک جێگەی باسە یان نا؟'' فیکری ئشک باسی لەوەکرد زیاتر لە حکوومەتی تورکیا رای گشتیی لە بنکە سەربازییەکە دەپرسێتەوە.
ئشک باسی لەوەکرد کە ئامانجەکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەو رێکخراوە دوژمنی هاوبەشی هەمووانە.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاشکراشیکرد وڵاتەکەی بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی خۆی و دەرکردنی داعش لەناوچەکە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کردووە و گوتی:
''ئامانجی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنە بریتییە لە دەرکردنی داعش لەسەر سنوورەکانمان و لەناوچەکە. ئەی باشە کە هاوپەیمانییەک بۆ ئەو مەبەستە درووستکراوە، وڵاتانی ئەندام و لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا پێویست نییە کە هاوکاریی تورکیا بکەن؟ دەڵێن 'لەخوار 20 کیلۆمەترەوە پشتیوانییتان لێناکەین'. بۆچی؟ ئەو داعشەی لە 19 هەمین کیلۆمەتردایە، هەر ئەو داعشە نییە کە لە 21ەمین کیلۆمەتردایە؟ ئەو داعشەی کە 30 کیلۆمەتر لەولاترەوەیە جیاوازیی چییە لەگەڵ ئەو داعشەی کە 19 کیلۆمەتر لەولاوەیە؟ لێرەدا کێشەی راستگۆیی هەیە. بەداخەوە ئەمریکا راستگۆیانە پشتیوانیی پێویستی تورکیا ناکات. ئێوە هاوپەیمانێتییەکتان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنا. داوای هاوکارییتان لەئێمەش کرد. ئێمەش گوتمان 'جێگیرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئینجیرلیک کارێکی درووستە، رێگەی پێدەدەین'. باشە، ئەی دوای ئەوەی ئێمە رێگەمان بەوەدا، بۆچی کە لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا پێویستمان بە پشتیوانییە، هیچ کەسێک پشتیوانییمان ناکات؟ بۆچی بابەتە دیزە بەدەرخۆنە دەکەن؟ وەڵا چییە، کۆبوونەوەمان کردووە، ئاوا بووە و بەوجۆرە نەبووە و ئەوانە. تا ئەوکاتەی ئێوە بەم عەقڵییەتەوە کاربکەن، ئەو کاتە رای گشتیی تورکیا دەڵێت 'ئەمانە راستگۆ نین، ئەجێندای نهێنییان هەیە'. لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەوەی کە تا 20 کیلۆمەتر پشتیوانییتان کرد و دوای ئەوە بۆچی پشتیوانیی ناکەن، شتێکی زۆر سرووشتییە''.
- ''ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە''
فیکری ئشک جەختی لەوەکردەوە لەهەموو کۆبوونەوەیەکدا ئەم بابەتانەیان لەگەڵ ئەمریکادا تاوتێکردووە و هەستیاریی خۆیان لەوبارەوە بە ئیدارەی واشنتۆن راگەیاندووە. گوتیشی:
''ئەمریکا هاوپەیمانی ئێمەیە لەناتۆدا. پێویستە هاوپەیمانێتیی لەسەر بنەمای شەفافیەت و راستگۆیی بێت. ئەگەر هاوپەیمانێتییەک لەسەر ئەو دوو بنەمایە نەبێت، ئەوا درێژەپیدانی پەیوەندییەکان قورس دەبێت. ئەوەی کە ئێمە لە هاوپەیمانەکانمانی داوا دەکەین، ئەوەیە کە لەگەڵ تورکیادا شەفاف و راستگۆبن. ئەمە بەو مانایە نییە کە 'بنکەی ئینجیرلیک لەمڕۆ و سبەینێدا دادەخرێت'. بنکەی ئینجیرلیک بنکەی ناتۆ نییە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. دوای ئەوەی کە تورکیا رێگەی پێداون، لەوێ بوونیان هەیە''. تورکیا لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا درێژە بەکۆبوونەوە و دیدارەکانی دەدات. ئەگەر ئەو کۆبوونەوانە بە ئاراستەیەکدا بڕۆن کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەنجامی لێنەکەوێتەوە، ئەوا تورکیا هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکات. ئەگەر قەناعەتی ئەوە درووستببێت کە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لەبنکەی ئینجیرلیک بۆ مەبەستێکە لەدەرەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوا چ رێکارێک پێویست بێت، دەگیرێتەبەر. ئێستا زۆر زووە بۆ گوتنی ئەمە. لەکۆتاییدا ئێمە لەنێو هاوپەیمانێتییەکداین''.
ئشک ئاشکرایکرد ئەم بابەتانەیان دەیان جار لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکاندا تاوتوێکردووە، ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی نراوە، هەندێک رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی هەبووە بەڵام هەنگاوەکان لەو ئاستە لەخێراییدا نەبوون کە چاوەڕێ دەکرا.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەی دووپاتکردەوە کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا بەردەوامە و گوتی: ''هیوامان وایە ئەنجامێکمان لەم کۆبوونەوانە دەستدەکەوێت. ئەگەرنا کۆبوونەوەیەک کە هەنگاوی تێدا نەنرێت، ئەنجامی لێناکەوێتەوە. ئێمە کێشەکانی خۆمان بەتەواوی شەفافیەتەوە باس دەکەین. لەکۆتاییدشدا دەسەڵات لای تورکیایە. هەروەها دوا بڕیاریش هەر لای تورکیایە. تا ئەو کاتەی کە پێویست نەکات بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نادەین، بەڵام کە پێویستیشی کرد با کەس گومانی لەوە نەبێت کە بڕیاردەدەین''.