Behlül Çetinkaya
12 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بە بڕیاری بەحرەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا رایگەیاند ''بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین بۆ بنیاتنانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل و بە توندی ئیدانەی دەکەین''.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بڕیارەی بەحرەین پێچەوانەی بەڵێنەکانێتی لە بازنەی هەوڵی ئاشتیی عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و، هاتووە؛ ''بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین و بە توندی ئیدانەی دەکەین کە دوای ئیمارات کەوتووە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل کە ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەکانێتی لە بازنەی هەوڵی ئاشتیی عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامیدا''.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەو هەنگاوە گورز دەدات لە کارەکانی بەرگریی لە دۆزی فەڵەستین و، هاتووە؛ ''ئەو هەنگاوە ئیسرائیل بوێرتر دەکات لە درێژەدان بە رێکاریە ناشەرعیيەکانی بەرامبەر فەڵەستین و هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی هەمیشەیی خاکی فەڵەستین''.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تاکە رێگای بنیاتنانی ئاشتیی و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانە و گشتگیری دۆزی فەڵەستیندا تێدەپەڕێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.