Selim Bostancı
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2021
بارتن- AA
لە شارۆچکەی ئوڵوس سەر بە پارێزگای بارتن، هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی لافاوە بەهێزەکەی رۆژئاوای دەریای رهش بەردەوامن.
بۆ دووبارە ئاسایی بوونەوەی ژیان لەو ناوچانەی کە لافاو لێیداون، هێزە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان لە تورکیا، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵی پاک کردنەوەی شارەکەدان و زۆرینەی کارەکانیان تهواو بووه.
بەهەمان شێوە لە گوندی زەفەر ئەو رێگایانە قیرتاو کرانهوه کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
لە دوای پاک کردنەوەی کۆڵانەکان، کافتریا و دوکانەکان کراونەتەوە.
هەروەها کارەبای تەواوی ئەو گوندانە چاک کرایەوە کە لافاو لێیدابوون و هەوڵەکان بۆ چاک کردنەوەی بۆرییەکان و گەیاندنی ئاو بە سەرجەم گوندە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامن.
لە یەکەم رۆژی لافاوەکەشەوە رێکخراوی مانگی سوری تورکی و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە خواردنیان پێشکەشی کەسانی زیانلێکەوتوو کردووە و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە پاک کردنەوەی نهۆمی زەمینی بیناکان و باخچەی ماڵەکان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە شەوی ١١ی ئاب بارانێکی بەلێزمە رووی لە رۆژئاوای دەریای رهش کرد و بەوهۆیەوە هاووڵاتییەک لە پارێزگای بارتن گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش خانوو و شوێنی کار زیانیان بەرکەوت.