Hanife Sevinç
23 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2019
ئیستانبوڵ ــ AA
كۆمەڵەی گەشتی حەج و عەمرەی توركیا رایگەیاند "ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە كە لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونهتەوە گوایه سعوودیە بۆ ماوەی سێ ساڵ گەمارۆیی خستووەتە سەر هاووڵاتییانی توركیا كه بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و عومرە روو لەو وڵاتە نەكەن".
پێشتر لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو دەنگۆیە بڵاوبوویەوە كە سعوودیە گەمارۆیی خستووەتە سەر هاووڵاتییانی توركیا بۆ ئەوەی لە میانی سێ ساڵی داهاتوودا نەتوانن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و عەمرە بچنە سعوودیە.
لەوبارەوە سەرۆكی كۆمەڵەی گەشتی حەج و عەمرەی توركیا، زیائەددین شاهین لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەو دەنگۆیە بە مەبەست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە.
زیائەددین شاهین گوتی: "ئەو دەنگۆیە كە لە ١٤ی ئەم مانگەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە تایبەتیش لە تویتەر بڵاوبووەتەوە، هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە، تەنانەت هەر ئەو رۆژەی بڵاوبوویەوە، دەنگۆكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لادرابوو".
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشتی حەج و عەمرەی توركیا، زیائەددین شاهین گوتیشی: "بەداخەوە دەبینین هەندێك میدیا بەر لە دڵنیابوون لە راستییەكان، دەنگۆی درۆ بڵاودەكەنەوە".
زیائەددین شاهین جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە هیچ زانیاری و روونكردنەوەیەك بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی حەج و عەمرەی سعوودیەوە لەوبارەوە بڵاونەكراوەتەوە.