Mazın Asad
08 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی ئێن تی ڤی، ھەڵسەنگاندنی لەبارەی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا پرسی رادەستکردنەوەی رێبەری رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی فەتحوڵڵا گولەن لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ باس کرا؟" کاڵن گوتی: "دوێنێ ئەم پرسە تەوەرێکی گرنگی بابەتەکان بوو. داواکاریی ئێمە لەوبارەیەوە زۆر روون و ئاشکرایە. پێشەکی پێویستە رێبەری ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە رادەستی تورکیا بکرێت".
کاڵن رێککەوتننامەی رادەستکردنەوەی تاوانبارانی لە نێوان ھەردوو وڵات وەبیرھێنایەوە و رایگەیاند لە ھەڵومەرجێکی وا کە پێویستە لە تورکیا دادگایی بکرێت، دەبێت رادەست بکرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بە گرتنی رێوشوێنی پێویستی ھەندێک وڵاتان بەرامبەر بە رێکخراوی فەتۆ کرد دوای ھۆشدارییەکانی تورکیا و زیاتر گوتیشی: "لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە، بە بەرپرسانی ئەمریکامان گوت کە لە پرسی رادەستکردنەوەی فەتۆ بە تورکیا تەنانەت لەکاتی بەردەوامبوونی قۆناغی یاساییش دەتوانرێت رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر. بەشێک لەمانە بڕیاری ئیدارییە و تەنھا پێویست بە بڕیاری قانوونی ناکات. ترەمپ پرسی رادەستکردنەوەی فەتۆ بەجددی وەردەگرێت و ئاماژەی بەوە دا کە دەستبەجێ رێککاری پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دەدەن. بێگومان ئێمەش چاودێری دەکەین".
-سەردانی بەڕێوەبەری سی ئای ئی
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی سەردانی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی مایک پۆمپیۆ بۆ تورکیا، کاڵن ئاماژەی بەوە دا کە ناوبراو لەسەر داوەتی راوێژکاری میت ھاکان فیدان سەردانی تورکیا دەکات و گوتیشی: "گەشت بۆ ناوچەکە دەکات و یەکەم سەردانیشی بۆ تورکیا دەبێت. ئەم بابەتە سبەی بە تێروتەسەل تاوتوێ دەکرێت. ئەوانیش بە فراوانی کار دەکەن و دواتر بابەتەکە رادەستی سیاسەتمەداران دەکرێت".