Abdullah Shukur,Mazın Asad
08 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2017
سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانی سوپای تورکیا، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی شارۆچکەی ئەلبابی باکووری سووریا لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئۆپەراسیۆنەکانی چڕ کردەوە. بەم پێیەش ئەو بەرزایيانەی کە دەڕواننە نێو ناوەندی شارۆچکەکە کۆنترۆڵکراونەتەوە و سەربازانی سوپای سووریای ئازادیش چوونەتە نێو گەڕەکەکانی رۆژئاوای ئەو شارۆچکەیە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات، سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بە مەبەستی ئازادکردنی شارۆچکەی ئەلبابی سەر بە پارێزگای حەلەب کە تەنھا ٣٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورە، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش چڕکردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاريیانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەلباب دەستی کەوتووە، بۆردومانکردنی پێگەکانی داعش بەردەوامە و بەشێکی بەرزاییەکانی دەورپشتی ئەو شارۆچکەیە کۆنترۆڵکراونەتەوە.
بەم پێیەش سەربازانی سوپای سووریا ئازاد بەرەو گەڕەکەکانی وەک ویلالار، جەبەل عاقیل و مەنتیقە غەربیەی ئەو شارۆچکەیە لە پێشڕەویدان. لەم چوارچێوەیەش شەڕ و پێکدادانی توند لە ناوچەکەدا ھاتووەتە ئاراوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان، داعش ھێرشی تیرۆریستی بە ئۆتۆمبێڵی بۆمبرێژکراو ئەنجام دەدات.
سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد رۆژئاوا، رۆژھەڵات و باکووری شارۆچکەی ئەلبابیان گەماڕۆ داوە.
پێشڕەویی سوپای تورکیا و ھێزەکانی سوپای سووریای ئازاد لە سنوورەکانی تورکیاوە بۆ نێو سووریا، گەیشتووە، ٣٥،١ کلیۆمەتر.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، لەجیاتی خێرا گەیشتن بە ناوەندی شارۆچکەکە، رێگەی شکاندنی بەرھەڵستکاری تیرۆریستیانیان لە دەوروبەری ئەلباب ھەڵبژاردبوو. بەو ھۆیەوە رێگری لە کوژرانی سڤیلەکان کرا.
لەگەڵ گوشار خستنەسەر داعش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات، ھێزەکانی رژێمی سووریا ئەو دەرفەتەیان ھەڵقۆزیوەتەوە و لە ھەوڵی پێشڕەویدان لە بەرەی باشووری ئەو شارۆچکەیە.
ھێزەکانی رژێم لە دوا سێ رۆژی دواییدا لە باشووری ئەلباب نیشتەجێبوون و سێ کیلۆمەتریان بڕی کە ئێستا تەنھا ٣،٣ کلیۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەکە دوورن. ئامانجی یەکەمی ھێزەکانی رژێم کۆنترۆڵی گەورەترین شارۆچکەی ئەلباب، تەدیفە.
لەکاتی پێشڕەوییەکانی سوپای بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی لایەنگری رژێم لە شارۆچکەکە، رووسیا بە فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانی داعش بۆردومان دەکات.
داعش لە گشت لایەکەوە ناوەندی ئەلباب گەمارۆ دراوە و لەکاتی کشانەوەی لە ناوچەکەدا رێڕەوێکی ھەیە کە دەتوانێت بە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی حەلەبی نزیک شاری رەققە بگات.