Muhammet Ali Kemal
28 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
لەمیانەی یەکەم سەردانیدا بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەکاتی واژووکردنی بڕیارنامەی قورسکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان لەپرۆسەی وەرگرتنی ڤیزەدا لەلایەن کۆچبەرانەوە، رایگەیاند: ''بەمەبەستی رێگرییکردن لە هاتنە ناوەوەی 'ئیسلامییە تیرۆریستە'' رادیکاڵەکان بۆ نێو ئەمریکا، ئەو رێوشوێنە ئەمنییەمان گرتووەتە بەر''.
دۆناڵد ترەمپ لە پێنتاگۆن ئەو بڕیارنامەیەی سەرۆکایەتی ئەمریکای واژووکرد کە وەرگرتنی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە سنووردار دەکات و رێوشوێنە ئەمنییەکانی پێدانی ڤیزە، زیاتر دەکات.
سەبارەت بەو بڕیارنامەیەی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە تا ئێستا ناوەڕۆکەکەی رانەگەیەنراوە بەڵام وردەکارییەکانی لە میدیای ئەمریکیدا بڵاوکراونەتەوە، ترەمپ رایگەیاندووە ''بەمەبەستی رێگرییکردن لە هاتنە ناوەوەی 'ئیسلامییە تیرۆریستە'' رادیکاڵەکان بۆ ناو ئەمریکا، ئەو رێوشوێنە ئەمنییەمان گرتووەتە بەر'' و جاختی لەوەکردووەتەوە ئامانج لە بڕیارنامەکە، پاراستنی گەل و سوپای ئەمریکایە.
لە رەشنووسی ئەو بڕیارنامەیەدا کە دوو رۆژ پێش ئێستا دزەی پێکرابوو، هاتووە: ''تا کاتێکی نادیار و بڕیاردان لەوبارەیەوە، وەرگرتنی پەنابەر لەسووریاوە راگیراوە'' و لەوڵاتانی دیکەشەوە تا 120 رۆژی دیکە وەرگرتنی پەنابەران دەوەستێنرێت.
دوای ئەوەش کە ئەو ماوەیەی دیارییکراوە تەواوبوو، دەست بەوەرگرتنی پەنابەران دەکرێتەوە لەو وڵاتانەی کە هەریەک لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی بە هاوبەشی پەسەندی دەکەن.
لەهەمان بڕیارنامەدا ئاماژە بەوەکراوە، تا ماوەی 30 رۆژ، هەرکەسێک بە ڤیزەیەک یان دۆکیۆمێنتێک لە هەریەک لە وڵاتەکانی عێراق، لیبیا، سووریا، ئێران، سوودان، یەمەن و سۆماڵەوە بیەوێت بێتە نێو ئەمریکا، ئەوا رێگەی پێنادرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە بەفەرمی لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوبکرێتەوە.