Mazın Asad
05 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند: "دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان لەگەڵ ھاوتا میانمارییەکەی، وەک یەکەم دەزگای ھاوکاری بیانی، مۆڵەت بە چوونی بەرپرسانی دەزگای تیکا درا بۆ میانمار و لە یەکەم ھەنگاویشدا رێگە بە ھەزار تۆن ھاوکاری دەدرێت".
کاڵن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ھاوتا میانمارییەکەی سو چی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار گوتی: "دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان لەگەڵ ھاوتا میانمارییەکەی، وەک یەکەم دەزگای ھاوکاری بیانی، مۆڵەت بە چوونی بەرپرسانی دەزگای تیکا درا بۆ میانمار و لە یەکەم ھەنگاویشدا رێگە بە ھەزار تۆن ھاوکاری دەدرێت".
ئیبراھیم کاڵن روونیشی کردەوە کە ھاوکارییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتی راخینا بۆ ناوچەکانی ماونگتاو و بوسی تاونگی باکوری راخاین دەنێرێت.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد کە قۆناغی یەکەمی ھاوکارییەکان لە پاکێتی بەپەلە پێکدێت کە برنج، ماسی قوتو و جلوبەرگ لەخۆ دەگرێت و راشیگەیاند بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتی راخینا ھاوکارییەکان بە ھەلیکۆپتەری سەربازیی دەنێردرێت.
کاڵن جەختی لەوەش کردەوە کە ھاوکارییەکانی تورکیا تەنھا بەوانەی ئێستا سنووردار نابێت و گوتیشی: "پێداویستی بەپەلەی وەک خۆراک و جلوبەرک، پێداویستی پزیشکی و ھاوشێوەکانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی راخینا بە خەڵکی لێقەماوانی ئاراکان دەگەیەنرێت".
ئیبراھیم کاڵن لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بەھۆی رووداوەکانەوە بۆ بەنگلادیش ھەڵاتوون لە ١٠٠ ھەزار کەس نزیک بووەتەوە و گوتیشی: "رۆژی پێنجشەممە شاندێک کە لە نێوانیاندا وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای تیکای تێدایە، خۆیان سەرپەرشتی ھاوکاری بەپەلەی خۆراک و داودەرمان و ئامبولانس بۆ کەمپەکانی Cox Bazaar و دەوروبەری دەکەن".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە کۆتاییدا گوتیشی: "بەم شێوەیە لەگەڵ وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی حکوومەتی ئەو وڵاتە، تیکا لە نووسینگەکانی خۆی لە میانمار و دەککا، لە یەکەم ھەنگاودا ھاوکاری بە ١٠٠ ھەزار خێزان لە ھەردوو بەری سنوور بۆ موسڵمانانی ئاراکان دەگەیەنێت".