Mazın Asad
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2017
ئەنقەرە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەنجام دەدرێت.
کاڵن لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پرسەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک کە "کۆتایی ئەم ھەفتەیە مەسعود بارزانی سەردانی تورکیا دەکات، ئایا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار دەبێت؟" کاڵن لەوبارەیەوە رایگەیاند سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.
کاڵن، دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرمی بۆ عێراق وەبیرھێنایەوە کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، موسڵ و شنگال تاوتوێ کرابوو و گوتیشی: "پرسێکی زۆر ھەیە قسەی لەسەر بکرێت. عێراق بۆ ئێمە لە ھەموو روویەکەوە گرنگە. لە رووی ئابووری بێت یاخود ئاسایشی سنوورەکانمان یاخود ھاوکاری مرۆیی و کولتووری بێت، گرنگە. ئەم ھاتوچۆیە گرنگییەکی زۆری ھەیە، چونکە لەگەڵ بەڕێز بارزانی و ئیدارەی ھەولێر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەکەکە لە ھەمان خاڵدا وەستاوین. لەوبارەیەوە ھەماھەنگی نێوان چەندە بەھێز بکەین، ئەوەندە سوودی بۆ ھەردوو وڵات دەبێت. ھاوکات ئێمە ھەموو کاتێک بەگوێرەی رابردووی گرژییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر جموجۆڵمان کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ھاوسەنگی و ھەستیارییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت".
کاڵن راشیگەیاند لە کۆبوونەوەکەی نێوان ئەردۆغان و مەسعود بارزانی، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەکەکە، ئۆپەراسیۆنی موسڵ و پرسە ناوچەییەکانی وەک تەلەعفەر و شنگال دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ.