Mazın Asad
27 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکایەتی دەزگای تیکا سێ قۆتابخانەی بنەرەتی، بنکەیەکی تەندروستی و مزگەوتێکی گوندی بەشیر نۆژەن دەکاتەوە کە نۆ مانگ لەوەپێش لەکاتی کۆنترۆڵکردنی گوندەکە لە لایەن داعشەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتبوو.
لەسەر داوای خەڵکی گوندی بەشیر کە سەرجەن دانیشتوویانیان تورکمانن و بە دەستپێشخەری بەرەی تورکمانی، دەزگای تیکا سەردانی گوندەکەی کرد و لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوەکیان ئەنجام دا.
سەرۆکی مێزی عێراق لە سەرۆکایەتی تیکا، سیبەل گونای لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "گوندی بەشیر ماوەیەک لەوەپێش لەدەست داعش رزگار کرا کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. رووبەڕووی دیمەنی دڵتەزێنی گوندەکە بووینەوە. لەسەر داوای خەڵکی ناوچەکە، بۆ نۆژەنکردنەوەی سێ قۆتابخانە سەردانی ئێرەمان کردووە. قوتابخانەکانی گوندەکەمان بەسەر کردەوە و بۆمان دەرکەوت کە دەبێت یەکێک لەو قوتابخانانە بڕوخێت و سەرلەنوێ کاری بیناسازی تێدا بکرێت".
لە لایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتاری کەرکووک، حەسەن توران ئاماژەی بەوە دا کە کاری نۆژەنکردنەوەی گوندی بەشیر لە لایەن تیکاوە، گرنگییەکی زۆری بۆ گەلی تورکمان ھەیە و گوتیشی: "بۆ ماوەی دوو ساڵ گوندی بەشیر لە ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو کە سەدا ٨٠ی مزگەوت، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و دەمودەزگاکانی حکوومی وێنران کرابوو. خۆشحاڵین بەوەی بە سایەتی وڵاتی تورکیا دراوسێ، دەزگای تیکا بە نۆژەنکردنەوەی ئەم کارە ھەڵساوە. تیکا بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی سێ قوتابخانەی بنەرەتی، مزگەوتێک و بنکەیەکی تەندروستی داوە و بەھۆیەوە ستایشیان دەکەین".