توركيا

باخچەلی: "تا گەڕانەوەی ئومێد بۆ ئۆجەلان مەقام بۆ ئەحمەدەکان و دەمیرتاش بۆ ماڵەکەی بڕیارمان ڕوون و ئاشکرایە"

Betül Bilsel  | 03.02.2026 - نوێکردنەوە : 03.02.2026
باخچەلی: "تا گەڕانەوەی ئومێد بۆ ئۆجەلان مەقام بۆ ئەحمەدەکان و دەمیرتاش بۆ ماڵەکەی بڕیارمان ڕوون و ئاشکرایە"

TBMM

ئەنقەرە - AA

سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا حکوومەتی دیمەشق و یەپەگە/سەدەگە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی ١٠ی ئادار و ١٨ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک کراوە بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر و تێکەڵبوونی قۆناغ بە قۆناغی پێکهاتە سەربازیی و کارگێڕییەکان بۆ ناو کۆماری سووریا.

باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕوون بووەتەوە لە سووریادا دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا نابێت و بوونی سوپایەکی هاوتەریب تەنیا وەک خەیاڵ دەمێنێتەوە و، گوتی: "بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراسیی، کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا لەلایەن ڕێبەرایەتی دامەزرێنەری پەکەکەوە کرا، دوای ٣٣٧ ڕۆژ لە سووریا وەڵامێکی ئەرێنیی وەرگرتەوە و، بەم شێوەیە قۆناغێکی زۆر گرنگ تێپەڕێندرا. ئایا ڕێبەرایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە پابەندی هەموو ئەو بەڵێنانە بووە کە دابووی؟ بەڵێ. ئایا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکە و سووتاندنی چەکەکانی بەدیهات؟ بەڵێ. ئایا بانگەوازەکەی ٢٧ی شوبات لەگەڵ پەکەکەدا بۆ هەموو پێکهاتەکانی ڕێکخراوەکە بووە جێگەی پابەندبوون؟ بەڵێ. مادام ئامانجەکە بەدیهات، کەواتە ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان ئەوەیە کە داوا بکەین و چاوەڕوان بین لە دەم پارتی تا هەموو درێژکراوەکانی ڕێکخراوەکە ڕێز لە ڕێبەرایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە بگرن".

باخچەلی باسی لەوە کرد ئەوانەی ڕق و کینە بڵاودەکەنەوە، فیتنە دەنێنەوە و پیلانی تێکدانی برایەتی هەمیشەیی تورک-کورد دادەڕێژن، دەدۆڕێن و گوتی: "ئەوانەی برا کوردەکانمان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا وەک یەک و یەکسان دەبینن، دەدۆڕێن".

گوتیشی: "تورک هی ئێمەیە، کورد هی ئێمەیە، نەتەوەی تورکیش ئێمەین و هەموومانین".

باخچەلی ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی گشثیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل گرت کە شەڕی سووریا دژی تیرۆر بە جێگەی نیگەرانیی ناوبردووە و، گوتی: "ئەم کەسە کە ئەسەدی لە ناو دڵدایە و عەقڵ و دڵیشی داوەتە دەست یەپەگە، نە قسەی قسەیە و نە سیاسەتی مەردانە و نیشتمانییە. گوتوویەتی 'بە بەستنی بۆینباخ بۆ تەحریر ئەلشام کارەکان ناڕوات'. وادیارە هەڵەی کردووە و دیسان تێیکەوتووە. تۆش دەتوانی بۆینباخی یەپەگە ببەستیت، دەست لە ناو دەستی مەزڵوم عەبدی بنێیت و بە سەر کێو و دەشتەکاندا بگەڕێیت فیتنە بنێیتەوە".

ڕاشیگەیاند: "تا ئەو کاتەی ئارامی بۆ ئەنادۆڵو، ئومێد بۆ ئۆجەلان، مەقام بۆ ئەحمەدەکان و دەمیرتاش بۆ ماڵەکەی دەگەڕێتەوە، بڕیارمان ڕوون و ئاشکرایە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın