توركيا

"ئەو کاندیدانەی کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە ناتوانن ئەندامێتی شارەوانییەکان بکەن"

سولەیمان سۆیڵو: "ناتوانن هیچ یەکێک لەمانە (کاندیدانی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە) بکەنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان. ئەمانە هێشتا پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. ئێمە سەرجەمیان دووردەخەینەوە"

Muhammed Boztepe  | 26.03.2019 - نوێکردنەوە : 27.03.2019
"ئەو کاندیدانەی کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە ناتوانن ئەندامێتی شارەوانییەکان بکەن"

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاشکرایکرد ئەو کاندیدانەی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە هێشتا پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، ئەگەر بێت و هەڵببژێردرێن، ئەوا لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە.

سولەیمان سۆیڵو بەشداریی لە بەرنامەی "کارتی میدیا"ی کەناڵی تەرەتە خەبەردا کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و روونکردنەوەی بڵاوکردەوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەکرد لە ساڵی ٢٠١٥دا لە سەرانسەری تورکیادا، هەزار و ٢٨٢ هێرشی چەکداریی ئەنجامدراون و ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٨دا، بۆ ٥٩١ دابەزیوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە ژمارەی هێرشەکان لە رێگەی مین و بۆمبی دەستکردەوە لە ٧٥٠ەوە بۆ ١٢٤ و گڕتێبەردان و گێرەشێوێنیی لە ٣٢٥ەوە بۆ ١٨ دابەزیون و ژمارەی ‌حاڵەتەکانی رفاندن کە لە ٢٠١٥دا، ٩١ بووە لە ٢٠١٨دا، بۆ پێنج ‌حاڵەت دابەزیوە.

سولەیمان سۆیڵو باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لە ناو کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە، لەنێو لیستەکانی کاندیدانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکاندان و گوتی: "ئەوە دەستنیشانکراوە کە ٣٧٨ کاندیدی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانی پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە هەیە. ٣٢٥ لەمانە پەیوەندییان بە پەکەکە/کەجەکە و هەدپەوە هەیە. رێکاری یاسایی و کارگێڕیی لە دژی ١٧٨یان بە هۆی پەیوەندییان بە پەکەکەوە، گیراوەتە بەر. ٤٥یان بە هۆی فەتۆوە، چواریان پەیوەندییان بە رێکخراوە چەپڕەوە توندئاوژۆکان و چواری دیکەشیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە".

وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو هەروەها رایگەیاند "ناتوانن هیچ یەکێک لەمانە (کاندیدانی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە) بکەنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان. ئەمانە هێشتا پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. ئێمە سەرجەمیان دووردەخەینەوە. من وەزیری ناوخۆم، لەو ساتەوەی کە بینیم کەسێک پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەیە، سکاڵای یاسایی تۆماردەکەم، دۆسیەی بۆ دەکەمەوە، دەستبەجێ لە کارەکەی دووری دەخەمەوە".

سولەیمان سۆیڵو ئەو رێكارە یاسایی و ئیدارییانەشی خوێندەوە كە لەبارەی ژمارەیەک لە ئەندامانی نێو لیستی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدراوە و گوتی: "لەنێو ئییی پارتی-دا نزیكەی 12 كەس هەیە كە پەیوەندییان بە فەتۆوە هەیە، دۆسیەكەیان بیندراوە و هەندێكیان بەبەندكراوی هێڵراونەتەوە. لەنێو پارتی سەعادەتدا نزیكەی 27 كەس هەیە كە پەیوەندییان بە فەتۆوە هەیە. لە راستیدا خۆیان خزاندووەتە نێو پارتی سەعادەت".

وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو باسی لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان توركیا و ئێران كرد و گوتی:

"١٨ی مانگ دەستمان پێ كرد و ٢٣ی مانگ تەواومان كرد. ئێمە لە لایەنی خۆمانەوە بەتیمێكی ٣٠٠ كەسییەوە ئەنجامماندا. لەوێش بەتیمەێكی هاوشێوەوە ئەنجامیاندا. لە سنووری ئیدر، هەكاری، وان و ئاگری بۆ یەكەمجار ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشمان ئەنجامدا كە ماوەیەكی زۆر قسەی لەسەر دەكەین. ئینشائەڵڵا لەمەودواش بەردەوام دەبین".

سولەیمان سۆیڵو راشیگەیاند کە لە هەڵبژاردنەكاندا، ٥٥٣ هەزار كارمەند ئەركیان پێ دەدەرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın