Nazlı Yüzbaşıoğlu,Muhammet Ali Kemal
09 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2018
ئهنقهره - AA
تورکیا رایگەیاند بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک، بە هەنگاوێکی نیگەرانیکەر هەڵدەسەنگێنین.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە تورکیا هەمیشە داکۆکی لەوەکردووە کە تاکە رێگەی چارەسەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئيران بریتییە لە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستان و لە رابردووشدا هەوڵی زۆری بەو ئاراستەیەدا داوە.
وەزارەتی دەرەوەی جەختی لەوەکردووەتەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک لە ساڵی ٢٠١٥دا لەبارەی رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمی هەنگاوێکی گرنگ بووە و تێیدا هاتووە ''ئەو رێککەوتنە نیشاندەری ئەوەیە کە قورسترین بابەتەکان دەتوانرێت لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەربکرێن".
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بە بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راسپێردراوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئاژانسەکەش لەرێگەی راپۆرتەکانییەوە ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئێران پابەندی رێککەوتنەکە بووە. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک هەنگاوێکە جێگەی نیگەرانییە. باوەڕمان وایە کە هەر جۆرە جیاوازییەک لە بۆچوونەکاندا یان دوودڵییەک پێویستە لە زەمینەی گونجاو و بە گرتنەبەری میکانیزمی گونجاو، بەرێگەی دیپلۆماسیی تاوتوێبکرێت. سەبارەت بەو ناکۆکییانەی لەبارەی رێککەوتنەکەوە هەیە، پێویستە میکانیزمی کۆمیسیۆنی هاوبەش کە لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، وەگەڕبخرێت. پێویستە پاريزگاریی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک بکرێت و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بە شەفافیەتێکی تەواوەوە، بە بێ دابڕان و بێ کۆموکوڕیی جێبەجێبکرێت".