Ahmet Sertan Usul
30 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2023
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات بە بەهای ٣٠ ملیار لیرەی تورکی لە رێگای گواستنەوە، دابینکردنی خانوو و کرێی خانوو و هاوکاریکردنی کەسوکاری ئەوانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانیان کردووە.
ئەردۆغان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بیر خستەوە کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە کارەساتی سەدەیە، نزیکەی ٥١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نووسیوویەتی: "دڵ و مێشکمان لای زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانە و هەمیشە لە یادمانن".
سەرکۆماری تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی هەوڵ دەدەن تا زووە شوێنەوارەکانی بوومەلەرزەکان بسڕنەوە، دەڵێت: "ئێستا لە بنکەکانی مانەوە، دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەشە ناوخۆییەکان میوانداری سێ ملیۆن و ٥٠٠ هاووڵاتییمان دەکەین. لە ٣٥٠ خاڵی جیاوازدا، ٨٠٦ هەزار خیوەتمان هەڵداوە و ٨٥ هەزار و ٥٠٠ کابینەمان داناوە. بەردەوامیش دەبین لە هەڵدانی چادر و دانانی کابینە".
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە جگە لە هاتای داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاو و رووخێندراوەکان لابراون و ئەم هەفتەیەیش کارەکانی ئەم باڵەخانانەی هاتای تەواو دەکرێن کە پێویستە بەپەلە بڕووخێندرێن و گوتی: "دوای بوومەلەرزەکان بە بەهای ٣٠ ملیار لیرەی تورکی لە رێگای گواستنەوە، دابینکردنی خانوو و کرێی خانوو و هاوکاریکردنی کەسوکاری ئەوانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانمان کردووە. خزمەتگوزاری پشتیوانی دەروونیمان بۆ دوو ملیۆن و ٤٩٩ هەزار هاووڵاتی دابین کردووە. رۆژانە سێ ژەمە چێشتی گەرم بۆ چوار ملیۆن زیانبەرکەتووی بوومەلەرزەکان دابین دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پرۆسەی بونیادنانی ١٢٥ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەستی پێ کردووە و بەردی بناغەی ٥٨ هەزار و ٦٣٠یشیان داندراوە، گوتی: "خوا یار بێت لە میانی یەک ساڵدا، ٣١٩ هەزار یەکە لە کۆی ئەو ٦٥٠ هەزار یەکەیەی دروستیان دەکەین تەواو دەبێت".