Mustafa Hatipoğlu
25 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2023
ئیستانبوڵ – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە بوونی دیکتاتۆریەت دەکرد لە ١٤ی ئایار دەرکەوت دەنگۆی بێبنەما و ناڕاستن، رایگەیاند: "نیشانمان دا کە بە وێنەی سەر بەرگی گۆڤارەکان گەلەکەمان ئاراستە ناکرێت و ناتواندرێت ئیرادەی گەلی تورک کۆنترۆڵ بکرێت".
ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی خولی ٢٨ەمینی پەرلەمانی تورکیا و گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە لە ١٤ی ئایار ئەنجام دران پەیامێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کردەوە.
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە میانی هەڵبژاردنەکاندا، تەنها هێزی دیموکراسیی تورکیا لەسەر سندوقەکان نیشان نەدرا بەڵکوو هاوکات شایەتحاڵی پووچەڵکردنەوەی دەنگۆ بێبنەماکانیش بوون و نووسیوویەتی: "ئەوانەی نەیاندەتوانی نیوەی دەنگدەرەکانیشیان رازی بکەن بۆ ئەوەی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەم هەڵمەتە لەکەدارانەیان بەڕێوە دەبرد و لە میدیا نێودەوڵەتییەکان ئەمانە بڵاو دەکرانەوە. ئۆپۆزسیۆنیش لە گۆڕەپانەکاندا درۆی دەکرد و قسەی بۆ هەڵدەبەستین. ئەمەیش سیاسەتی ترسنۆکانەی سەرۆکی گشتیی جەهەپە (کەمال کڵچدارئۆغڵو) و هاوبەشەکانییەتی".
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە بوونی دیکتاتۆریەت دەکرد لە ١٤ی ئایار دەرکەوت دەنگۆی بێبنەما و ناڕاستن، گوتی: "نیشانمان دا کە بە وێنەی سەر بەرگی گۆڤارەکان گەلەکەمان ئاراستە ناکرێت و ناتواندرێت ئیرادەی گەلی تورک کۆنترۆڵ بکرێت. نیشانمان دا بە سیاسەتی ترس، درۆ و قسە هەڵبەستن لە هەڵبژاردن سەرکەوتن بەدەست نایەت. نیشانمان دا ئەوان بە گوتەی نەفرینی ناچنە ناو دڵی گەل و لە پێناو داهاتووی سیاسیشیاندا ناتوانن لەگەڵ جوداخوازان و فەتۆچییەکان بە رێگادا بڕۆن".
سەرکۆماری تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بۆ تەواوی جیهانیان دەرخست دیموکراسییەت لە تورکیا لە میانی ٢١ ساڵی رابردوودا چەند گەشەی کردووە و گوتی: "ئەگەر هاووڵاتییانی تورکیا دەنگیان بە هەر حزبێکیش دابێت هەموومان بەیەکەوە هەر ٨٥ ملیۆن هاووڵاتییەکەی تورکیا پێکەوە سەرکەوتنمان بەدەست هێنا. خوا یار بێت لە دوای ٢٨ی ئایاریش هەموومان بەیەکەوە ئەو دەسکەوتانە دەپارێزین و دەسکەوتی زیاتر بەدەست دەهێنین".