Kaan Bozdoğan
27 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2022
ئیستانبوڵ-AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دوایین دۆخی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینا و پێواژووی دانوستانەکان کراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە پێویستیی دەستبەجێی ئاگربەست و بنیاتنانی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا و باشکردنی دۆخی مرۆیی لە ناوچەکە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا بەردەوامە لەوەی ھەر جۆرە رۆڵێک لەو پێواژووەدا ببینێت.
ئەردۆغان و پوتین ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەی داھاتووتری شاندی دانوستانکاری ھەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستانبوڵ ئەنجام بدرێت.