Mohammed Baqi Hussein
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2016
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "توركیا بە گەنجەكانی بەرەوپێشەوە دەچێت و بە وزە و ئامانجە گەشەكانیان دەگاتە ئامانجەكانی 2023 و 2071 کە باوەڕی تەواومان پێیەتی".
ئەردۆغان، بەبۆنەی 23ی نیسان رۆژی نیشتمانی و جەژنی منداڵان، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی گەلی توركیا كردووە بەبۆنەی 96ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پەرلەمانی توركیا و جەژنی منداڵان.
ئەردۆغان گوتی: "23ی نیسان دیارترین نیشانەی دیموكراسی، ئیرادەی گەل و سەروەریی گەلە. پێشكەشكردنی ئەمڕۆ بە منداڵەكانمان، نیشانەی متمانە و ئومێدمانە بە منداڵان و گەنجەكانمان كە ئایندەی توركیان. توركیا بە گەنجەكانی بەرەوپێشەوە دەچێت و بە وزە و ئامانجە گەشەكانیان دەگاتە ئاواتەكانی 2023 و 2071 كە باوەڕی تەواومان پێیەتی".
لەدرێژەی پەیامەكەیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە كە متمانە بە منداڵەكانیان دەكەن و چاوەڕوانیی گەورەیان لە گەنجەكانیان هەیە و نووسیویەتی: "باوەڕم وایە كە ئەوانیش ئەو سپاردەیەی کە وەریانگرتووە بەباشی هەڵدەسەنگێنن و سەركەوتنی مەزن تۆماردەكەن بەو باوەڕبەخۆبوونەی لە مێژوویان وەریانگرتووە. پیرۆزبایی جەژنی منداڵان لە گشت منداڵانمان دەكەم".