Yıldız Nevin Gündoğmuş
30 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە هەر سازشێک بەرامبەر هەدەپە بکرێت بەو واتایە دێت کە سازش بەرامبەر پەکەکە و قەندیل کراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی چانکایا بەشداری لە پەخشی راستەوخۆی هاوبەشی "A Haber"، "ATV"، "A Para" و "A News" کرد و وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەوەی کە گوایە سوپای تورکیا نەچووەتە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان و سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناکاو و کارەساتەکان و مانگی سووری تورکیا بەتەواوی بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون گوتی: "ئەوانەی سووکایەتی بە سەربازانمان دەکەن، ناپاکی نیشتمانن و دوژمنی سەرباز، جەندرمە و پۆلیسن. ئێستا (سەرۆکی گشتیی جەهەپە) کاک کەمال (کڵچدارئۆغڵو) کە سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە سەردانی درێژکراوەی تیرۆر دەکات لە پەرلەمان، ئایا لەم سەردانەدا چی بە دەست دەهێنێت؟".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە کڵچدارئۆغڵو باسی لە ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردووە، گوتی: "لەسەر داوای دەمیرتاش کەسانێک رژانە سەر شەقام و خەڵکیان کوشت لە دیاربەکر. گەلەکەمان لە ١٤ی ئایار سزای ئەو تۆڕی ناپاکییە دەدات، چونکە سوپای تورکیا لەژێر فەرمانی گەلەکەماندایە، نەک تۆڕەکانی ناپاکی".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی راگەیەندراوی هەدەپە کە ئاماژەی بەوە داوە، بەربژێریان نابێت بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری تورکیا و پشتیوانی لە بەربژێری هاوپەیمانی میللەت، کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن رایگەیاند: "بەڕاستی نازانم لە پشت پەردە لەو سەردانەدا چی گوتراوە. هەر سازشێک بەرامبەر هەدەپە بکرێت بەو واتایە دێت کە سازش بەرامبەر پەکەکە و قەندیل کراوە. چەند مانگێک لەمەوبەر گوتم لە مێزی شەشقۆڵیدا حەوتەم هاوپەیمانیش هەیە، لەوانەیە کەسانێک ئەوەیان هیچ بەهەند وەرنەگرتبێت، بەڵام لەگەڵ سەردانی سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەمە دەرکەوت. سەرنج بدەن ئەو ترسا لەوەی سەردانی پارتەکە یان بارەگای گشتی پارتەکە بکات، چوو سەردانی ژووری فراکسیۆنی هەدەپەی کرد لە پەرلەمان".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە مێزی شەشقۆڵی بەبێ ئەوەی هیچ کارێک ئەنجام بدات لە ئێستاوە ماندوو بووە و هێزی لێ بڕاوە و گوتی: "مێزی شەشقۆڵی وەک یانەیەکی دۆڕاوەکانە، لەسەر مێزەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکان دۆڕاون و هیچ سەرکەوتن و توانایەکییان نییە لەوێ کۆی کردبێتنەوە".