Zehra Melek Çat
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
ئيستانبوڵ - AA
سەركۆمارى توركيا رەجەب تەيب ئەردۆغان رایگەیاند کە هەموو هەوڵێكیان لەگەڵ رووسيا داوە و بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ كۆتاييهێنانى هێرشەكانى سەر ئيدلب و بۆ ئەم مەبەستەش سبەى شاندێك دەنێرنە مۆسكۆ و بەگوێرەى ئەنجامەكان هەنگاو دەنێن.
ئەردۆغان، لە ميانى بەڕێوەچوونى رێوڕەسمى دابەشکردنی خەڵاتی بڵاوكردنەوەى زانست لە كۆشكى دۆڵمەباخچە، گوتارێكى پێشكەشكرد.
ئەردۆغان گوتى: "چۆن وايلێهات ئێستا ئێمە لە هەموو بوارەكانى زانستدا كەوتينە پاش؟ چۆن وايلێهات ئەوانەى كە ئيلهام و زانستيان لە ئێمە وەردەگرت ئێستا هەنگاو بە هەنگاو لەپێش ئێمەدان و ئێمەش ئاگامان لەو كولتوور و ميراتەى خۆمان نييە؟ ئەگەر ئێمە بەجورئەتەوە بە دواى وەڵامى ئەو پرسيارانەدا نەگەرێین هەرگیز قەيران و ناخۆشى جۆگرافياكەمان و برايەتيمان چارەسەر ناكەين".
سەركۆمارى توركيا، لە گوتارەكەيدا باسى لە هێرشەكانى رژێم و رووسيا كرد بۆ سەر ئيدلب و گوتى: "هەموو هەوڵێكمان لەگەڵ رووسيا داوە و بەردەوام دەبين لەهەوڵەكانمان بۆ كۆتاييهێنانى هێرشەكانى سەر ئيدلب. سبەى شاندێك دەنێرينە مۆسكۆ، گفتوگۆ دەكەن. بەگوێرەى ئەنجامەكان ئێمە هەنگاوەكانمان دەنێين".
ئەردۆغان، ئاماژەى بە هەڵكشانى رێژەى ئاوارەبوونى سوورييەكان و گوتى:"زیاتر لە ٨٠ هەزار برامان لە ئيدلبەوە ئاوارەى سنوورەكانمان بوون. لەم دۆخەدا توركيا بە تەنها بارى ئەم كۆڕەوەى پێ هەڵناگيرێت".