Ramal Abdullah Mahmood
20 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2017
ئیستانبوڵ – AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: "حەشدی کێییە و کێ لە پشتیەتی؟ جێگای سەرنجە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێک دەردەچێت کە دەڵێت حەشدی شەعبی رێکخراوی تیرۆریستی نییە. بەپێچەوانەوە رێکخراوێکی تیرۆریستییە بەڵام گرنگە بزانرێت کێن ئەوانەی لە پشتیەوەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە کە بارەگای سەرەکی لە قەتەرە، ئەنجام دا.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی کە دوای تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیماننامەی سایکس پیکۆدا میدیای خۆرئاوا سەرلەنوێ جارێکی دیکە دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە بکێشنەوە، ئایا تورکیا بەمجۆرە وەک سەیرکەر بۆ ئەم رەوشە دەڕوانێت بە تایبەت لە سووریا و عێراق. لە وەڵامدا ئەردۆغان بە بیری هێنایەوە کە ئەوان بەردەوام ئاماژەیان بەوە داوە تا چ ئەندازەیەک دژی رووداوی سایکس پیکۆن، گوتی: "کاتێک ئێمە لەگەڵ ئەوان کۆدەبینەوە پێمان دەڵێن 'ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریاین'، کێشەکە لەوە دایە کاتێک دێتە سەر بواری کردەیی وەک بڵێی کەشی دابەشکردن دەڕەخسێنرێت. وەک دەبینن فراوانخوازی فارسی ئێران لەو ماوانەی دواییدا بووە بەهۆی هەراسانکردنی زۆر. بۆ نموونە ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق دەکەوێتەر بەر چاو. حەشدی کێییە و کێ لە پشتیەتی؟ جێگای سەرنجە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێک دەردەچێت کە دەڵێت حەشدی شەعبی رێکخراوی تیرۆریستی نییە. بەپێچەوانەوە رێکخراوێکی تیرۆریستییە بەڵام گرنگە بزانرێت کێن ئەوانەی لە پشتیەوەن. ئێستا سەیر بکەن بەداخەوە ئەوان لەوێ لەلایەک هەوڵ دەدەن بۆ شنگال لەلایەکی دیکەوە هێرش دەکەنە سەر تەلەعفەر. کێ لە تەلەعفەر دەژیت؟ لە تەلەعفەر نزیکەی ٤٠٠ هەزار تورکمان هەن؛ کە بەشێکیان شیعە و بەشێکیشیان سوننەن، بەڵام ئێستا ئەوان پەرش و بڵاوبوون. ژمارەیەکی کەمی خەڵک لەوێ ماون. ئێستا حەشدی شەعبی بەرەو ئەوێ دەچێت، هەمان شت لە ناوەندیش دەبینین. ئەوانە ئێمە خەمبار دەکەن. پێویستە ئەوانە روونەدەن".