Ramal Mahmood
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئێمە وەک رۆڵەکانی شارستانییەتێکی ریشەدار کە جیاکاری ئایینی، زمانی و نەتەوەیی ناکات و باوەڕی بە فرەیی هەیە، وەک رابردوو ئێستاش گرنگی زۆر دەدەین بەوەی کە هەموو کەس ئازادانە پەیڕەوی ئایین و کولتوری خۆی بکات".
بەپێی راگەیەنراوێکی ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بەبۆنەی جەژنی حانوکا (رووناکی) سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی جوولەکەکانی تورکیا کردووە.
سەرکۆمار لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی پەیڕەوکارانی ئایینی جوولەکە کردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە "ئێمە وەک رۆڵەکانی شارستانییەتێکی ریشەدار کە جیاکاری ئایینی، زمانی و نەتەوەیی ناکات و باوەڕی بە فرەیی هەیە، وەک رابردوو ئێستاش گرنگی زۆر دەدەین بەوەی کە هەموو کەس ئازادانە پەیڕەوی ئایین و کولتوری خۆی بکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە کە رێز لە هەموو ئەو کەسانە دەگرن کە کولتور و ئایین و دابونەریتیان لە ژیانیاندا رەنگ دەداتەوە. ئەمە ئێجگار گرنگە بۆ خۆشەویستی، یەکێتیی و پێکەوەژیان.
لە پەیامەکەدا هاتووە "لەم کاتەدا جەژنی حانوکا (رووناکی) لە سەرجەم جوولەکەکان پیرۆز دەکەم بە تایبەتی جوولەکەکانی تورکیا کە سەدان ساڵە بە ئاشتی و بێجیاکاری لە کۆمەڵگاکەمان بەیەکەوە دەژین".