Nazlı Yüzbaşıoğlu
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2019
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی چیک، ئاندرێ بابیس، ستایشی پێشنیاری سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەبارەی چارەسەری ناوچەی ئارام کرد و رایگهیاند: "تورکیا ناڵێت پارە بنێرن، دەڵێت لێرە خوێندنگە بکەنەوە و خانوو درووستبکەن".
دوای کۆبوونەوەیان، رهجهب تهیب ئەردۆغان و ئاندرێ بابیس، کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیی هاوبەشیان سازكرد.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگهیاند: "ئیدلب ئیتر وردە وردە لەناودەچێت. هەروەک چۆن حەلەب لەناوچووە و تەختی زەوی بووە، ئیدلبیش لەهەمان دۆخدایە''.
دوای کۆبوونەوەیان، رهجهب تهیب ئەردۆغان و ئاندرێ بابیس، کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیی هاوبەشیان سازكرد.
له كۆنگره رۆژنامهوانییهكدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لەکۆبوونەوەی لهگهڵ ئاندرێ بابیس پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەنگاربوونهوهی تیرۆر و قەیرانی کۆچیان تاوتوێكردووه.
ئهردۆغان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامهواناندا سەبارەت بەو رێوشوێنانەی دەکرێت بگیرێنە بەر بۆ بەرگرتن لە زیان گەیاندن بە کەسانی سڤیل لەرێی هێرشەکانی سەر ئیدلب-ەوە کە بەردەوامیان هەیە، رایگهیاند:
''یەکێتی ئەورووپا زۆر بەڵێنی پێداین. ئەم بەڵێنانە بە واتای پشتگیریی دارایی لە بودجەی نیشتمانییمان نا. بەڵکو لەرێگای دەزگا نێودەوڵيتیەکانەوە پشتگیریی دەزگا خێرخوازییهكانی ئێمە دەکرێت و رەوانەی مانگی سووری تورکی و دەزگای ئافاد دەکرێت، هەر لە خێوهتهوه بگرە تا خزمەتگوزاریی تەندروستیی. ئێمە تا ئێستا بەبڕی ٤٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان كردووه. بەڵام یەکێتی ئەورووپا بەداخەوە سێ ملیار یورۆشی نەداوە. هێشتا دەڵێن دەیکەین و بەنیازین بیکەین و بەم قسانە دوایدەخەن. بەڵام ئەگەر وەهاش بێت ئێمە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەو چوار ملیۆن کەسە. بەردەوامیش دەبین''.
لەبارەی ناوچەی ئارامەوە سهركۆماری توركیا تیشكی خستهسهر ئهوهی ئەوان لەسەردەمی ئۆباماشدا ئەوەیان باس کردووە و رایگهیاند:
''لە سەردەمی بەڕێز ترەمپیشدا داوامکرد، لەگەڵ وڵاتانی گرنگی ئەورووپا لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا گفتوگۆمان کرد، لەگەڵ سعودیە هەموویان گووتیان باشە، پێشنیارێکی جوانە. بەڵام ئایا هیچ کرا؟ ئەوەی دەکرێت ئەمەیە، ئێمە لەو ناوچەی ئارامەدا لە ئێستاوە لە سنوورەکانمان بەقوڵایی ٣٠ كیلۆمهتر و بەدرێژایی سنوورەکانمان کاری تێدا دەکرێت. لێرەدا ئێمە خانوو دروستدەکەین لەسەر ٢٥٠-٣٠٠ مەتر دووجا کە باخچەشی دەبێت، ئەوانە (پەنابەران) خۆیان دەچن شتی تێدا دەڕوێنن. گووتیان ئەمە پرۆژەیەکی زۆر جوانە بەڵام کە هاتە سەر جێبەجێکردن هیچ پشتگیرییان نەکرد. ئێستا خۆیان باس لە ناوچەی ئارام دەکەن. هەر کە دەڵێین دەی، هیچ کەس نایەتە بەرامبەرمان. ئێستا ناوچەی ئارام تەنیا ناوی ماوە ئەم پرسە باسی لێوە ناکرێت. وەک دەزانن ناوبەناو لە باشوورەوە دەستدرێژیی تەقەکردن هەیە بۆسەر وڵاتمان. هەڵبەت ئێمە لەبەرامبەر ئەمانەدا هەنگاو دەنێین''.
لەبارەی هێرشەکانی سەر ئیدلبەوە، رهجهب تهیب ئەردۆغان رایگهیاند: ''لە دوو رۆژی رابردوودا بەداخەوە ئەمریکاش لێرە چووهته نێو کاری بۆردوومانەکانهوه، نزیکەی ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە له هاووڵاتییانی سڤیل. هەڵبەت بەدەر لەمانە ئەو چەکدارانەشی تێدایە کە تێوەگلاون بە تیرۆر، بەڵام ئیدلب ئیتر وردە وردە لەناودەچێت. هەروەک حەڵەب چی بەسەرهات ئیدلبیش بەو چەشنەی لێدێت. لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا ناتوانین بێدەنگ بین. لەگەڵ رووسیا گفتوگۆمان کرد. هاوکات وەک رووسیا-تورکیا-ئێران لەماوەی داهاتوودا کۆبوونەوەمان دەبێت. لەم مانگەدا گفتوگۆکانمان دووبارە ئەنجام دەدەینەوە، تاوتوێی دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە بهر له جنێڤ هەندێک هەنگاو بنێین''.
ئەردۆغان باسی لهوهكرد کە پرسی ئیدلب پرسی ئەوانە و لەکاتی کۆچی بەلێشاودا سنوورەکانی ئەوان فشاریان دەکەوێتە سەر، راشیگهیاند: ''ئێمە ٩١٠ كیلۆمهتر سنوورمان لهگهڵ سوریا هەیە. هەر ئاگرێک لەوێ بكهوێتهوه، ئێمە دەسووتێنێت، ئەم وڵاتانەی دیكه ناسووتێنێت. هەڵبەت ئەو وڵاتانە خەمی دیكهیان هەیە، خەمی ئێمە جیاوازە. بۆیە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین. هەڵبەت ناچین پەنابەران دەربکەین و دەرگایان لەسەردابخەین، بەڵام لەدۆخێکی وەهادا ئەگەر بتوانین لەبارەی ناوچەی ئارامەوە بەتایبەت یارمەتییان بدەین و سەرکەوتووبین، ئەوا زۆر دڵخۆش دەبین''.