Abdullah Shukur
29 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2016
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خوانێکی بەربانگ لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی: "ھەرگیز ناتوانن نیشتمانی ئێمە دابەش بکەن. کەسانێک ھەن لەم خەیاڵەدا دەژین. ئیتر فەرموون بزانن بۆ ئەو ھەموو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدرێت؟ ئێمە ھەرگیز بستێک خاکمان نادەین. رادەستی ناکەین. دەسەڵاتێکی بەم شێوەیەمان نییە".
ئەردۆغان گوتیشی: "بانگھێشتی ئەو کەسانە دەکەم کە وا دەزانن بەم ھێرشانە ھەڕەشەمان لێ دەکەن. ھەرچی بیکەن بێ سوودە. تورکیا دەگاتە ئامانجی ٢٠٢٣".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شاری ئیستانبوڵ گوتی: "ئەوان ھاتن لە یەشیلکۆی تەقینەوەیان ئەنجامدا (ناوچەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک)، ئەو مرۆڤانە چ تاوانێکیان ھەبوو؟ منداڵ و پیر و ئافرەت.. ئایا ئەم خەڵکە سڤیلە چ تاوانێکی ھەیە؟ ھەم خۆت دەتەقێنییەوە ھەمیش ئەم خەڵکە لەو شوێنە دەکوژی. ئایا ئەمە ھیچ لایەنێکی ویژدانی و مرۆیی ھەیە؟ ئایا ھیچ لایەنێکی ئیسلامی ھەیە؟. نەخێر ئەمانە موسڵمان نین و لە دۆزەخ شوێنیان ئامادەکراوە. 'ئەگەر ببیتە ھۆکاری کوژرانی کەسێک ئەوا بە مانای کوژرانی گشت مرۆڤایەتی دێت' ئاینمان وا دەڵێت. چۆن شتێکی وا دەکەن".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "کارەساتی راستەقینەی تورکیا ئەم کارە تیرۆریستییانە نین، بەڵکو ئەو کاتەیە کە تورکیا واز لە ئامانجەکانی خۆی دەھێنێت. ئێمەش واز لەمە ناھێنین. ھەرگیز گەلەکەمان روبەڕووی ئەم جۆرە کارەساتە ناکەینەوە. بەم ھۆیەش داوای لێخۆشبوون بۆ گشت ئەوانەی لە ئیستانبوڵ گیانیان لەدەستداوە ھەروەھا شەھیدەکانمان دەکەم. سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەیان دەکەم و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی رێککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل بەمەبەستی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات گوتی: "ھەنگاوی گرنگمان لەمەڕ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ھاوێشتووە کە لە دوای رووداوەکەی ماوی مارمارا تێکچوو بوو. ھیوادارام ئەم ھەنگاوانە بۆ گەلەکەمان و برایانی فەڵەستینی خێردار بێت. لێرەوە دەمەوێ ئەوە ئاشکرا بکەم، ھەر ھەنگاوێک کە کۆماری تورکیا دەیھاوێژێت ئەوا بزانرێت کە لە پێناو سوودی گەلان دەبێت. ھیچ کاتێک بیرمان لە ھەنگاوەکان بە شێوەیەکی تاکلایانە نەکردووەتەوە. پێویستە تورکیاش قازانج بکات و رووسیاش قازانج بکات ھاوکات تورکیا و ئیسرائیلیش قازانج بکەن".