ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەبارەت بە بارودۆخی سووریا رایگەیاند کە تورکیا لە ناوچەکەدا ھیچ کات بانگەشەی بۆ شەڕی چەکداری نەکردووە بەڵکو لە بواری چەکی کیمیاوی و بەکار ھێنانی ئەو چەکانە لە لایەن رژیمی سووریاوە داوای وەرگرتنی رێوەشوێنی پێویستی کردووە.
ناوبراو ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستە کردنی پەیامی (چەکی کیمیاوی بەکار مەھێنی چی دەکەی بکە) بە سووریا نابێتە ھۆکاری ئاشتی و ئاشتەوایی.
داوود ئۆغڵو لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نیکاراگوا سانتوس لوپەز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە.
داوود ئۆغڵو سەبارەت بە لێدوانی چەند بەرپرسێکی خانەنشینی ئیستیخباراتی ئەمریکا سەبارەت بە دانی چەکی کیمیاوی لە لایەن تورکیا و عەرەبستانەوە بە ئوپوزسیونی سووریا و لێدوانەکانی ئەم دوایەی وتەبێّژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانە کە ھەر ھەمووی پەیمانە نێونەتەوەییەکانی سەبارەت بە چەکی کیمیاوی مۆر کردووە و لەم بوارەیشدا زۆر بە ھەستیارییەوە ھەڵسووکەوت دەکات و ئێستە سەرۆکی رێکخراوی قەدەغە کردنی چەکە کیمیاوییەکانی دیپلوماتی تورک ئەحمەد ئۆزۆمجۆیە و تورکیا وڵاتێکە کە دەستی بە کەمپەینی نەھێلانی چەکی کیمیاوی، بایولوژیکی و ناوەکی کردووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی لێدوانەکانیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە کاتێک کە ئۆزۆمجۆ بوو بە سەرۆکی رێکخراوی قەدەغە کردنی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکەماندا وڵاتانی وەکو سوریا، ئیسرائیل و میسرئەندامی ئەم رێکخراوە نەبوون و بەشدارییان لە چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە نەکردووە و ئێمە کفتوگویەکی یەکجار چڕمان لە سەر چۆنیەتی بەشداری کردنی ئەم وڵاتانە کرد.
زۆر بە ئاشکرا دەڵێم چەکی کیمیاوی تاوانێکی دژە مرۆڤایەتییە، کێ ئەم تاوانە ئەنجام دەدات و کێ ئەم چەکانە بۆی دابین کردووە و کێ ئەم چەکانە بەکار دەھێنێت ئەوا تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و توندترین دەستوەردانی یاسایی نێودەوڵەتی چییە رووبەرووی دەبێتەوە.
داوود ئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا نەتەنیا ئەمجۆرە چەکانەی بۆ ئوپوزسیون دابین نەکردووە بەڵکو بە ھیچ شێوەیەک دەرفەتی نەداوە ئوپوزسیون ببێتە خاوەن چەکی کیمیاوی و ھیچ وڵاتێکی دیکە چەکی کیمیاوی بۆ دابین بکات.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتەکانی خۆیدا رایگەیاند کە کێ شک و گۆمانی لەم بارەیەوە ھەیە لە داھاتوودا لە لایەن وجدانی مرۆڤایەتییەوە دادگایی دەکرن و کاتێک کە ئەمجۆرە ھەواڵانەیش لە لایەن چەند کاناڵێکی روسیاوە بڵاو کرانەوە لە دوایین چاوپێکەوتنم لەگەڵ لاڤروڤ لە پەتەرسبۆرگدا باسی ئەم بابەتەمان کرد و پێم گوت کە نامانەوێ ھیچ جۆرە لێدوانێکی بەمجۆرە لە دۆستە روسەکانمان ببیستن ئەگەر لە دەستیدا بەڵگە ھەیە با ئاشکرای بکات بەڵام قسە کردن لە سەر بنەمای شک و گومان راست نییە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ھەڵوێستی ئەو وڵاتەیشی کرد و گوتی: ھەڵوێستی تورکیا روون و ئاشکرایە و دابین کردنی چەکی کیمیاوی و بەکار ھێنانی چەکی کیمیاوی پرۆژەیەکی دژە مرۆڤایەتین وئەمە ھەڵوێستی تورکیایە بۆ ھەر بابەتێک لەم چشنە و بۆ ھەر کەس و لایەنێکیش ھەر بەمجۆرەیە.
رادەست کردنەوەی چەکە کیمیاوییەکانی سوریا
سەبارەت بە رادەست کردنەوەی چەکە کیمیاوییەکانی سوریا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەحمەد داوود ئۆغڵو باسی ئەوەی کرد کە لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و روسیادا ئاماژەی بەوە کردووە کە خاوێن کردنەوەی وڵاتێک لە چەکی کیمیاوی شتێکی زۆر گرنگ و ئیجابییە، لە کوێ دەبێت با بێت بگرە ئەگەر یەک گرام کیمیاویش بێت، لە ھەڵەبجە بینیمان بۆیە ئەگەر بریارە لە سەر گوێ زەوی بمێنینەوە ئەوا ئێمە پشتگیری لەم پێشنیارە دەکەین.
ناوبراو لە میانەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا زیاتر گوتی" پێویستە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەمەوە یەکەم کاتێک کە بۆ داھاتوو ئەم ھەنگاوە دەنرێت سەبارەت بە تاوانە گەورەکانی دژی مرۆڤایەتی کە لە رابردوودا بە چەکی کیمیاوی ئەنجامدراون ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چی دەبێت و مافی ئەو زڵم لێکراوانە لە لایەن کێەوە بۆیان دەگەڕێتەوە و وەڵامی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەم بوارەدا چی دەبێت، پێویستە چۆن میلوسەڤیچ و سەددام رووبەرووی سزا بوونەوە ئەوا پێویستە ئەمرۆیش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ جێبەجێ کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ھەوڵ بدات.
وەکو پرسیاری دووەمیش دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو ١٧٠٠ برایەمان کە بە چەکی کیمیاوی کوژراون چە جۆرە گیانێکیان ھەبووە ئەو ١٠٠ ھەزار برایەیشمان کە بە مووشەکی سجوود، تۆپ و تۆپبارانەکان گیانیان لە دەست داوە ھەر ھەمان گیانیان ھەبووە و رووبەرووی ھەمان زڵم بوونەوە، بۆیە دۆزینەوەی چارەسەری تەنیا بۆ کێشەی چەکە کیمیاوییەکان نابێتە ھۆکاری دابین کردنی ئاشتی و چارەسەر کردنی کێشەکانی سوریا و ئەمەیش نابێت بەو مانایە بێت بۆ رژیمی سوریا کە چەکی کیمیاوی بەکار مەھێنی چە جۆرە چەکێک بەکار دەھێنی بھێنە و چەند کەس دەکوژی بکوژە رووبەرووی سزا نابیتەوە ئەگەر ئامانج لە پێشنیاری رادەست کردنەوەی چەکە کیمیاوییەکان ئەمەیە ئەوا ئەم پەیامە نابێتە ھۆکاری چارەسەر کردنی کێشەکانی سوریا و بەرقەرار کردنی ئاشتی لەو وڵاتە و تەنیا ھەنگاوێک کە دەبێتە ھۆکاری بەرقەرار کردنی ئاشتی لە سوریا ئەوەیە کە ھەر جار ئێمە ئاماژەی پێ دەکەین و پێویستە پێکەوە ھەنگاو بۆ راوەستاندنی رژیمی سوریا و ھێرشەکانی ئەو رژیمە بنین.
داوود ئۆغڵو باسی ئەوەیشی کرد کە بەر لەوەی ژمارەی کۆژراوەکان لە سوریا ئەوەندە بەرز ببێتەوە و بەر لەوەی رێژەی پەنابەرەکانی سوریا ئەوەندە زۆر ببێت و ببێتە کێشەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە روویان تێکردوونە و بەر لەوەی کە بە ملیونھا ئاوارە لە سوریا دەربچن لەگەڵ کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆ بوونەتەوە و سەبارەت بە بارودۆخی سوریا گفتوگۆیان کردووە و بەڵام ئەگەر ئەمرۆ دوای دوو ساڵ و نیو ١٠٠ ھەزار کەس کوژراون و بە ملیونان کەس ئاوارە بووە ئەوا بەرپرسی ئەم رووداوانە رژیمی سوریا و کۆنسەی ئاشایشی نەتەوەیەکرگتوەکانە کە لە کاتی خۆیدا لە بەرامبەر ئەم رووداوانەدا بێ ھەڵوێست بووە.
سەبارەت بە ھێرشە کیمیاوییەکانیش ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا وڵاتێک بووە کە خاوەن ھەڵوێستی توند و ئاشکرا بووە و گوتی" کاتێک کە لە وڵاتێکی دەراوسێ ئێمەدا بە چەکی کیمیاوی ژن و منداڵەکان دەکوژرن جەرگمان پارچە دەبێت و مومکێن نییە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەم بوارەدا بێدەنگ بێت.
دەڵین شەر راگرن
سەبارەت بە دەستوەردانی سەربازیش لە سوریا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا ھیچ کات بانگەشەی بۆ دەستوەردانییەکی دەرەکی لە سوریا نەکردووە و ھیچ کات و لە ھیچ ھەڵومەرجێکدا تورکیا بانگەشەی شەڕی نەکردووە بەڵام ھەمیشە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە لەم بوارەدا ھەنگاوێک بنێت چونکە ئەگەر ھەنگاو نەنێت ئەوا ئەم کەسانە چە جۆرە زاڵمێکن لە رابردوودا بینیومانە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە تورکیا بانگەشەی راگرتنی شەڕی کردووە و ئەمەیش بانگەشە کردن بۆ شەڕ نییە بەپێچەوانەوە ھەوڵدانێکە بۆ راگرتنی شەڕێک کە بووەتە ھۆکاری کوژرانی بە سەدان ھەزار کەس و ئاوارە بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە، ئێمە داوای دەستپێکردنی شەڕ ناکەین بەڵکو داوای کۆتایی ھێنان بە شەڕ دەکەین و تاوانی رانەگرتنی ئەو شەڕە تا بە ئەمرۆ بەرۆکی خەڵکی سوریا و وڵاتانی دەراوسێ سوریای گرتووە بۆیە دەڵێن ئێتر بەسە چی دەکەین بکەین بەڵام وەک نەتەوەیەکگرتووەکان رۆلی خۆتان بگێڕن.
ناوبراو زیاتر گوتی: راگرتنی شەڕ بە مانای راگرتنی زڵمی رژیمی سوریایە و لەم بوارەدا ھەڵوێستی تورکیا روون و نەگۆڕە و نامانەوێ دەست بە گفتوگو کردن لە سەر وشەکانی دیکە بکەین و دووبارە دەڵێن کە پێویستە کۆتایی بەم شەڕە بھێنرێت و ئەو تاوانبارانە کە بوونەتە ھۆکاری گیان لە دەست دانی ئەو ھەموو خەڵکە دەبێت رووبەرووی سزا بکرێنەوە و لە سەر چۆنیەتی سزا کردنیش دەتوانین گفتوگو بکەین بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ھیچ جۆرە ھەڵوێستێک کە ببێتە ھۆکاری ھاندانی رژیمی سوریا قەبووڵ ناکەین.
news_share_descriptionsubscription_contact

