تیرانا
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا رایگەیاند، ئەو قسانەی ئەسەد لەبارەی تورکیاوە دەیانکا لە راستیەوە دوورن، چونکە ئەو چەکی کیمیایی لە دژی گەلی سوریا بەکارھێناوە و ستەمی لە خەڵکەکەی کردووە.
جەختی لەوەیش کرد، ئەو بانگەشەیەی بەشار ئەسەد لە دژی تورکیا دەیکا لە راستیەوە دوورە و ئەسەد مافی نیە رەخنە لە تورکیا بگرێ.
داودئۆغڵو گوتی "دەیان جار رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە بەشار ئەسەد کرد گوێ لە داواکاریی شەقام بگرێ و چاکسازی بکا، کەچی ئەو پەنای بۆ ستەم برد و چەکی کیمیایی بەکارھێنا".
ھەروەھا ئاماژەی بەپێویستی زانی ئەسەد داوای لێبوردن لە گەلەکەی بکات و گوتی "سەرۆکێک چەکی کیمیایی دژی گەلی خۆی بەکارھێنابێ و ئێستاش رەخنە لە تورکیا بگرێ، ئەمە جێگەی دڵخۆشی نیە. ئەو پێویستە داوای لێبۆردن لە گەلی خۆی بکا".
لە بارەی پەنابەرانی لە سوریاش ئۆغڵو گوتی، ئەو بانگەشەیەی ئەسەد لەبارەی پەنابەرانی سووری لە تورکیا دەیکا، بەدڵنیاییەوە لە راستیەوە دوورن، فەرموون با ھەر کەس دەیەوێ پرسیار لە پەنابەرەکان بکا، ئەوان لە تورکیا دڵخۆشن".
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "ئیتر گرنگی بە قسەی بەشار ئەسەد نادەین، ھیوادارین ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا بەرقەرار بێ، تورکیا بە ھەموو توانای خۆی یارمەتیی سوریا دەدا بۆ ئەوەی دیموکراسی و ئاشتی لە ناوچەکە دروست بچەسپن.
ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیهاڵكی تورکیدا رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و بە "داڵدەدانی تیرۆریستان" تۆمەتباری کرد و رایگەیاند تورکیا بەقورسی باجی ئەو کارەی دەدا.