توركيا, جيهان

ئیستانبوڵ لە خەڵاتەکانی گەشتیاری ٢٠٢٥ی گۆڤاری واندەرلوست-دا مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا

Bahattin Gönültaş  | 07.11.2025 - نوێکردنەوە : 08.11.2025
ئیستانبوڵ لە خەڵاتەکانی گەشتیاری ٢٠٢٥ی گۆڤاری واندەرلوست-دا مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا

Berlin

بەرلین - AA

لە خەڵاتەکانی گەشتیاری خوێنەران لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کە لەلایەن گۆڤاری بەناوبانگی جیهانی واندەرلوست ڕێکدەخرێن، ئیستانبوڵ توانی مەدالیای زێڕ لە پۆلێنی "ئەو شارەی کە زۆرترین ئارەزووی گەشتی بۆ دەکرێت (ئەورووپا)" بەدەستبهێنێت.

گۆڤاری واندەرلوست، کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری خوێنەرە لە ناوچەیەکی فراواندا لە ئەورووپاوە تا ئەمریکا، لە ئۆقیانووسەوە تا ئاسیا، لە ڕێوڕەسمێکدا لە گەلەری نەتەوەیی لەندەن، ناوی براوەکانی ٢٤هەمین خەڵاتەکانی گەشتیاری خوێنەرانی ئاشکرا کرد.

ئیستانبوڵ لە پۆلێنی "ئەو شارەی کە زۆرترین ئارەزووی گەشتی بۆ دەکرێت (ئەورووپا)"، توانی بەهۆی توانا سەرنجڕاکێشانی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بەیەکەوە گرێداوە، مەدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بە خەڵاتەکە، کە لەلایەن گۆڤاری بەناوبانگی گەشتیاری واندەرلوست لە بەریتانیا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە خوێنەرانی گۆڤاری گەشتیاریی واندەرلوست، ئیستانبوڵیان بە شایستەی وەرگرتنی مەدالیای زێڕ دانا، ئەویش بە هۆی ئەو تێکەڵە سەرنجڕاکێشەی لەنێوان مێژوو و سەردەمدا هەیەتی، بەتایبەتی لە دیمەنی ناوازەی شارەکە کە گومەز و منارەکان ئاسمانیان ڕازاندووەتەوە و، ستایشی بووژانەوەی بواری هونەر و چێشتخانەی شارەکەیان کردووە.

سەرنووسەری گشتی گۆڤاری واندەرلوست، جۆرج کیپۆرۆس کە لە ڕاگەیاندراوەکەدا لێدوانەکانی خراوەتەڕوو، ئەوەی وەبیرهێنایەوە ئیستانبوڵ لە ساڵی ٢٠٢٤دا مەدالیای زیوی بەدەستهێناوە و، ڕایگەیاند: "ئیستانبوڵ ئەمساڵ مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا. خوێنەران ئەم شارە وەک شارێک پێناسە دەکەن کە هەمیشە سەرسامیان دەکات. باس لەوە دەکەن لە کاتی خۆرئاوابووندا بە گەرووی شارەکەدا تێدەپەڕن، تام لە خواردنە سەرسوڕهێنەرەکان وەردەگرن و هەمان ڕۆژ بە کڵێسا و مزگەوت و گەلەرییەکانی هونەری مۆدێرندا دەگەڕێن. وزەی ئیستانبوڵ پشت بەوە دەبەستێت کە چەندە ئاسانە لە جیهانە جیاوازەکاندا بژیت. لە بەردەکانیدا مێژوو هەیە، بەڵام لە داهاتووشیدا خەیاڵ هەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın