Fahrettin İbrahim,Abdullah Shukur
28 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2018
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی کڕینی سیستەمی S-٤٠٠ ی رووسی لەلایەن تورکیا رایگەیاند کە لەمبارەیەوە ھەنگاو بەرەو دواوە ناوێن و گوتیشی: "رێککەوتنەکە ئەنجامدراوە و واژووش کراوە، ساڵی داھاتوو رادەست دەکرێتەوە".
کالن لەدیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ تی ڤی تورکیا ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو دەنگۆیە کرد گوایە ئەگەر تورکیا سیستەمی S-٤٠٠ لە رووسیا بکڕێ ئەوا ئەمریکا سزای بەسەردا دەسەپێنێت. کاڵن لەمبارەیەوە گوتی: "بڕیاردان لەبارەی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری. تورکیا خۆی بڕیار دەدات کە سیستەمی بەرگری لە کێ و چۆن دەکڕێ".
کاڵن جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان دەیانەوێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی ببێتەوە و ھیچ سەپاندێکیش لەبارەی سنووردارکردنی سەروەرییەکانی تورکیا قبوڵ ناکەن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد کە ئەگەر ئەمریکا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێنت، ئەوا تورکیاش لەمبارەیەوە رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و کاردانەوەی خۆی نیشان دەدات. راشیگەیاند کە ئەو ھەڵوێستەی ئەمریکا زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر پێداگری تورکیا نابێت.
کاڵن زیاتر گوتیشی: "لەمبارەیەوە ھەنگاو بەرەو دواوە ناوێین، رێککەوتنەکە ئەنجامدراوە و واژووش کراوە، ساڵی داھاتوو رادەست دەکرێتەوە. رێککەوتنەکە گواستنەوەی تەکنۆلۆژی لەخۆ دەگرێت. ئەمەش یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە ئێمە خوازیاری بووین، ئێمە تەنھا نامانەوێ ئەم تەکنۆلۆژییە وەربگرین و بەکاری بھێنین، لە ھەمان کاتدا دەمانەوێ بەرھەمی بھێنین".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.