ئەنقەرە
بۆ گواستنەوەی مەزارگەی سلێمان شا كە لە گوندی قەرەقۆزی سەر بە پارێزگای حەلەب-ە و هەروەها هێنانەوەی سەربازانی توركیا کە لەو مەزارگەیەن، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی ئەنجام دا.
تانك و هێزەکانی زەمینی سەر بە سوپای توركیا توانیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەو سەربازانەی لەو مەزارگەیەدان، بگوازنەوە بۆ توركیا.
لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە بڕیارەدا كە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا دەسەڵاتی بە سوپا داوە و لە تشرینی دووەمی ساڵی 2014 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە و لە چوارچێوەی یاساکانی نێودەوڵەتیدا و هەروەها بەهۆی زۆرتربوونی مەترسییەكانی سەر ئەو مەزارگەیە، ئەو شوێنە بەشێوەیەكی كاتی بۆ توركیا گواستراوەتەوە. بەپێی رێككەوتنی ئەنقەرە كە ساڵی 1921 لە نێوان توركیا و فەڕەنسادا واژۆ كراوە ئەو شوێنەی كە مەزارگەی سلێمان شای تێدا بووە وەكو خاكی توركیا ناسراوە.
ساڵی 1973 حكوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە كردووە كە بەهۆی دروستكردنی بەنداوی تابكا و كۆبوونەوەی ئاو لە ناوچەكەدا قەڵای جابەر بەگشتی دەكەوێتە ژێرئاوەوە و داوای لە توركیا كردبوو كە ئەو مەزارگەیە یان بگوازێتەوە بۆ توركیا یان بۆ شوێنێكی دیكەی ببات. دواتر دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەو مەزارگەیە گواستراوەتەوە بۆ گوندی قەرەقۆز لەسەر رێگای نێوان حەسەكێ و حەلەب.
جارێكی دیكە حكوومەتی سووریا لە ساڵی 1995 بەهۆی دروستكردنی بەنداوی تەشرین لە شوێنێكی بەرزتری رووباری فوراتدا داوای لە توركیا كردووە ئەو مەزارگەیە بۆ توركیا یان بۆ شوێنێكی دیكە بگوازێتەوە و دواتر لە ئەنجامی دانووستانەكانی نێوان توركیا و سووریادا بڕیار لەسەر پاراستنی ئەو مەزارگەیە لە بەرامبەر زەرەر و زیانەكانەی بەنداوەكە دراوە و لە چوارچێوەی پرۆژەی گواستنەوەی مەزارگەی سلێمان شا كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئاوی دەوڵەتەوە لە 22ی كانوونی دووەمی ساڵی 2003 واژۆ كراوە بۆ پاراستنی ئەو مەزارگەیە دەست بە ئەنجامدانی كاروباری پێویست كردووە و دەورووبەری ئەو مەزارگەیە بە دیواری گەورەی بەتۆنی پارێزراوە و دوو ئاڵای توركیایشی لەسەر بەرز كراوەتەوە و شوێنێكی نوێ بۆ ئەو مەزارگەیە دروست كراوە و شوێنی پێشووتر رۆخێنراوە.
بۆ ئەوەی ئەو ئاو و زێرابانەی لە نێو مەزارگە و بنەكەکانی سەربازیی نێو مەزارگەكەدا دەردەچن رووباری فورات پیس نەكەن لەو شوێنە ناوەندێكی پاڵاوتنی ئاو دامەزراوە و لە سایەی ئەو پۆمپانەوە كە لە نێو باخچەی مەزارگەكەدا دانرابوون لە بەنداوەكەوە ئاو بۆ مەزارگە دەگوازرایەوە و بەو جۆرە پێداویستی ئاوی باخچەكە و سەربازانی تورك لە مەزارگەكەدا دابین كراوە. بۆ پاراستنی ئەو مەزارگەیە ساڵی 1938 بنكەیەكی سەربازی بۆ هێزی جەندرمە بەناوی بنكەی سەربازی رێزگرتن دامەزرا و ساڵی 1949 ئەو مەزارگەیە لەلایەن دوو ئەفسەر و هەشت سەربازەوە دەپارێزرا و دواتر بەهۆی گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە ساڵی 1956 هەردوولا بڕیاریان لەسەر گۆڕینی ئەو سەربازانە بە شێوەیەكی مانگانە رێككەوتوون.
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كاتێك كە سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو لە رۆژی 25ی ئاداری ساڵی 2014 لە بارەی مەزارگەی سلێمان شا-وە كە تاقە شوێنی خاكی توركیا لە سووریا بوو، گوتبووی هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر ئەو مەزارگەیە بەمانای هێرشكردنە سەر توركیایە.
ئەردۆغان گوتبووی كە ئەگەر بەڕاستی لە بەرامبەر مەزارگەی سلێمان شا هەڵەیەكی بەو جۆرە بكرێت ئیتر ئەوەی پێویست بێت، توركیا جێبەجێی دەكات چونكە ئەو خاكە خاكی توركیایە، نزیكەی 10 دۆنمە و لە چوارچێوەی یاساکانی نێودەوڵەتییدا گەرەنتی كراوە بۆیە ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێك بۆ سەر ئەو خاكە بەمانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی راستەوخۆ بۆ سەر توركیایە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵویش رۆژی 14ی ئاداری ساڵی 2014 كە ئەو كاتە وەزیری دەرەوەی توركیا بوو ئاماژەی بەوە كردبوو كە خاكی مەزارگەكە بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی خاكی توركیایە و توركیا بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئەو خاكە ئەوەی لە دەستی بێت، دەیكات.
بەپێ راگەیەنراوی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا لە خاكی سووریا بێجگە لەسەر مەزراگەی سلێمان شا، هیچ هێزێكی دیكەی سەربازی توركیا لە سووریادا نییە.
وەزیری بەرگریی توركیا عیسمەت یڵمازیش ئاماژەی بەوە دا كە هێزەکانی تایبەتی توركیا پاراستنی مەزارگەكەیان بەهێزتر كردووە و ئێمە هەر جۆرە رێوشوێنێكی ئەمنیمان گرتووتە بەر و سوپای توركیا لە ئامادەباشی دایە.