Ramal Mahmood
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ سەر پێگەکانی تیرۆریستان لەباکووری سووریا بەردەوامە، لە ١٥٠یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٢٤ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرانە ئامانج و بەهۆیەوە ٢٣ تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦دا بەئامانجی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سەروویانەوە داعش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوورەکانی تورکیا و پشتیوانییکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیپێکردووە، بەردەوامە.
بەپێی راگەیەندراوی سوپای تورکیا، تیمەکانی هێزی تایبەت بە پشتیوانی چڕی وشکانی و ئاسمانی گەڕەکی سوفلانیاهیان کۆنتڕۆڵکردووە.
دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکان ٢٠٥ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعش خاپوور کران، کە بریتی بوون لە پەناگە، سەنگەر، خاڵی پشکنین، چەک و ئۆتۆمبێل.
فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیاش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیان بۆسەر ١٩ ئامانجی داعش لە ئەلباب، بزاگاه، باشووری قەباسین و سوفلانیە ئەنجام دا. لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٣ تەلار کە وەک پەناگە بەکار دەهێنران، خاپوور کران و ئۆتۆمبێلێک تێکشکێنرا.
لەئاکامی چوار ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشدا دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی داعش لەلایەن یەکەکانی سوپای تورکیاوە بە پشتیوانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئامانجە دەستنیشان کراوەکان خاپوور کران و ٢٣ چەکداری داعش کوژران.
تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییەکان بەپشتیوانی ئۆپۆزسیۆن ٤٩ بۆمبی دەستییان پووچەڵکردەوە.
لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە تاکو ئێستا سی هەزار و ١٢ بۆمبی دەستکرد و ٤٣ مینیان پووچەڵکردووەتەوە.