ئاڵپارسلان بایراکتار: ''کارکردنی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بەتەواوی، توانای بازرگانی بەبڕی ٤٠ ملیار دۆلار دەبێت''
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار: "(هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق - تورکیا) بە نامەیەکدا ڕەشنووسی ڕێککەوتنە نوێیەکەمان بۆ وەزیری نەوتی عێراق نارد''.

Istanbul
ئەنقەرە - AA
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نوێ سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا بۆ لایەنی عێراقی نێردراوە و، ئەگەر هێڵەکە بە تەواوی توانای واتە ١،٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کاربکات، ئەوا توانای بازرگانیی بە بەهای٤٠ ملیار دۆلار هەیە.
لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مێزی سەرنووسەری ئاژانسی ئانادۆڵودا، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بایراکتار، وەڵامی پرسیارەکان لە بارەی ڕۆژەڤ دایەوە و، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد.
بایراکتار ئەوەی بیرهێنایەوە کە ڕێککەوتن سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا لە ساڵی ١٩٧٣دا ئەنجام دراوە و، بنیاتنانی هێڵەکە لە ساڵی ١٩٧٦دا تەواو بووە، بەڵام لە نزیکەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا نەتوانراوە هێڵی بۆریەکە بە توانای تەواوی خۆی کە ١،٥ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا بەکاربهێندرێت.
ئاڵپارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد کە هێڵەکانی بۆری نەوتی خاو لە خستنەڕووی ڕووی نەوتی جیهانیدا پێگەیەکی گرنگیان هەیە و، ڕایگەیاند: "ئەوە بە عێراق دەڵێین 'عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. تەواوی ئەمانە لە ڕێگەی بەسرەوە دەکرێت. لێرەدا ڕێگەیەکی جیاواز هەیە کە توانای گواستنەوەی ١،٥ ملیۆن بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا. بە ئاسانی دەتوانن نزیکەی سەدا ٤٠ی نەوتەکەتان لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە ڕەوانەی جیهان بکەن. تەنانەت دەتوانن بگەنە جوگرافیای جیاواز وەک ئەورووپا و دەریای ناوەڕاست و بازاڕ''.
هەروەها بایراکتار باسی لەوە کرد هەنگاوێک نراوە کە لە ڕووی یاساییەوە پێویستە، ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان ساڵێک پێش تەواوبوونی ڕێککەوتنی هێڵی بۆریەکە کە تەمووزی ٢٠٢٦ تەواو دەبێت ئاگاداری نەدات، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی درێژ دەبێتەوە.
بایراکتار تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا دەیتوانی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە و، گوتی: "بەڵێ دەمانتوانی درێژی بکەینەوە، بەڵام چ جۆرە ڕێککەوتنێکمان درێژ دەکردەوە؟ ڕێککەوتنێکمان درێژ دەکردەوە کە توانای هێڵەکە پڕ نەبووەتەوە. بەداخەوە، ئێمە ڕێککەوتنێکمان درێژ دەکردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تووشی ڕێڕەوێکی یاسایی کردین و بووە هۆی ناکۆکی یاسایی لە نێوانماندا. لەبەرئەوە گوتمان ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێک نییە کە لە ڕووی بازرگانیی و یاساییەوە سوودبەخش بێت. با ئەمە درێژ نەکەینەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئەوە ڕەشنووسی ڕێککەوتنە نوێیەکەمان بە نامەیەکدا بۆ وەزیری نەوتی عێراق نارد. گوتمان ئیدی ئێمە دەمانەوێت بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەدا کار لەسەر هێڵی بۆری نێوان عێراق و تورکیا بکەین. لە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەشدا ئەوە هەیە، با توانای ئەم هێڵە بە تەواوی بەکاربهێنین بە شێوەیەک کە هیچ ناکۆکییەکی یاسایی لە نێوانماندا نەبێت. ١،٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لەمەوە بڕوات. ئامانجمان ئەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا باسی ڕێگای گەشەپێدانمان کرد، دەکرێت ئەمە بکرێتە ڕێگای وزە. ئەمڕۆ ١،٥ ملیۆن بەرمیل، کە دەکاتە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە درێژکردنەوەی هێڵی بۆریەکە بۆ باشووری عێراق، بایراکتار ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی بتوانین ١،٥ ملیۆن بەرمیل بەدەستبهێنین، پێویستە ئەم هێڵە بچێتە باشوور، چونکە لە باکووردا ڕەنگە بتوانن تا نیوەی پڕ بکەنەوە لەگەڵ بەرهەمهێنان لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەشدا''.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بایراکتار، ئاماژەی بەوە کرد ڕۆژی شەممە دووی ئاب، لە ڕێگەی کیلیسەوە هەناردەکردنی غازی سروشتیی لە ئازەربایجانەوە بۆ حەلەب دەستپێدەکات.
گوتیشی: "بە تەواوبوونی کارەکان نزیکەی ٩٠٠ مێگاوات کارەبا دەدرێت بە سووریا، بەو شێوەیەش پێداویستی ١،٦ ملیۆن خێزانی وڵاتەکە دابین دەکرێت".
بایراکتار ئەوەیشی خستەڕوو کە دووهەم کەشتی بەرهەمهێنانی تورکیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٧دا لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت.
هاوکات بایراکتار باسی لەوە کرد کە ئامانجیانە لە خولی یاسادانانی نوێدا، پەیڕەوێک لەبارەی ڕیاکتەرە مۆدیولاریە بچووکەکان لە بواری وزەی ئەتۆمیدا پێشکەش بە پەرلەمان بکەن.
سەبارەت بە چالاکییەکانی گەڕان بە دوای سەرچاوەی سروشتییدا لە سۆماڵ (Seismic)، بایراکتار ڕایگەیاند: '' لە کۆتایی ئەمساڵدا، واتا مانگی کانوونی یەکەم ئەم کارانە کۆتایی پێدەهێنین. پاش ئەوە بەپێی ئەو ئەنجامەی دەستمان دەکەوێت بڕیارێک سەبارەت بە هەڵکەندنی بیر دەدەین''.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن