Sarmand Hameed
20 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2018
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند کە پاڵپشتی سیاسیی ئەورووپی لە رێککەوتنی ئەتۆمی بەس نییە.
بەپێێ ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئیرنا، زەریف لە تاران لەگەڵ رێکخەری یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری وزە، میگڵ ئاریاس کانیتی کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا زەریف رایگەیاندووە کە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشبینییەکانی رای گشتی جیهانیی لە یەکێتی ئەورووپا زیادی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە یەکێتی ئەورووپا هەنگاوی کرداری زیاتر بگرێتەبەر بۆ بەردوامیدان بە هەماهەنگی ئابووری لەگەڵ ئێران و زیادکردنی قەباری وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا.
زەریف داوای کردووە کە یەکێتی ئەورووپا پابەندی ئەو بەڵێنە بێت کە لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە داوییەتی و ئاماژەی بەوەشکردووە کە بڕیاری چاوەڕوانکراوی کۆمپانیا ئەورووپییەکان بە هەماهەنگی نەکردن لەگەڵ ئێران لەگەڵ بەڵێنەکانی یەکێتییەکە یەک ناگرێتەوە.
لە بەرامبەردا کانیتی جەختی لە گرنگی پابەندبوونی وڵاتانی ئەورووپا بەئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەهۆی رێککەوتنەکەوە بەدیهاتوون، کردووەتەوە.
کانیتی ئاماژەی بەوەکردووە کە سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و بەردوامیدان بە هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا ئەورووپییەکان و ئێراندا دەبێنێتەوە.
رۆژی هەشتی ئەم مانگە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک راگەیاند و بەڵێنی دا سزا بەسەر تاراندا پسەپێنێت.
لە بەرامبەردا هەریەک لە فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکەوە دووپات کردەوە.