پەلاماردانی داعش بۆ سەر عێراق، کێشەکانی مەزهەبی و تائیفی قووڵتر کردەوە و رێژەی پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤیشی لەو وڵاتە بەرزکردەوە، بە جۆرێک کە بەشێکی تاوانەکان لە رێی گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو کراوەتەوە و بەو هۆیەوەش رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی هۆشداریان داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق.
ئەندامێکی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە "لەم جەنگەی ئێستادا خەڵکی سڤیل پێش چەکداران دەکرێنە ئامانج" و ئەمەش دژی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤە، ئەگەرچی لە تازەترین پێناسەدا هاتووە کە مافی مرۆڤ بریتییە لە کۆمەڵە بنەمایەک و هەر کاتێک مرۆڤ یەکێک لەو بنەمایانە لەدەست بدات واتە بەختەوەری لەدەست دەدات بەڵام بەهۆی بارودۆخی خراپی عێراق و کێشەکانی مەزهەبی لەو وڵاتە، بەردەوام پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تۆمار دەکرێت.
ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دکتۆر فرسەت سۆفی سەبارەت بەو پرسە لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، میحوەرێکی ئێجگار گەورەی شەڕ لەگەڵ داعش هەیە، لەم نێوەندەشدا پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکرێت. بەپێی رێککەوتننامەی جنێڤ لە ساڵی 1963 کە بەشێکە لە یاسای نێودەوڵەتی، پێویستە هاووڵاتییانی سڤیل لە کاتی جەنگ پارێزراو بن بەڵام بەداخەوە ئەو جەنگەی ئێستا لە عێراق هەیە، خەڵکی سڤیل پێش خەڵکی دیکە دەکرێتە ئامانج، زۆرجاریش ئەو لایەنەی دژی داعش شەڕ دەکات، پێشێڵکاری ئەنجام دەدات".
پەرلاماردانی داعش بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستانیش، زۆرینەی ئاوارەکان روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤیش لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە توانای دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سنووردارە و ئاماژە بەوەش دەکات کە حکوومەتی عێراق هیچ پاڵپشتی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بە کەمتەرخەم دەزانێت و لەمبارەیەوە گوتی: "بەپێی ئەو ئامارانەی هەیە ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەیە کە زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، توانای هەرێمی کوردستان لە رووی داراییەوە زۆر سنووردارە، چونکە ئێستا بۆخۆمان لە ئەزمەیەکی دارایی گەورەین بەڵام وێڕای ئەو بارودۆخە سەختەی هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوام ئامادەکاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی ئاوارەکان و دەبێت بەڕاشکاویی ئەوەش بڵێین کە وەرگرتنی ئەو رێژە ئاوارەیە هەر بە تەنیا ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤە و لەمبارەیەوە بە ئەرکی پێویستی خۆیان هەڵنەستاون. لە هەمانکاتدا حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا پاڵپشت و هاریکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە بۆ حەوانە و داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرەی لە ئەنجامی شەڕ و تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکانیان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".
فرسەت سۆفی گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ژمارەی ئاوارەکان زۆر زیاتر بێت چونکە ئێستا دوو ملیۆن هاووڵاتی لە مووسڵ دەژین و تاکە شوێن کە بتوانن پەنای بۆ ببەن، هەرێمی کوردستانە و سەرجەم دەرچوونەکانی دیکە یان داخراوە یان مەترسی لەسەرە و ئەگەر ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەکاری نەکەن، ئەوە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بەڕێوەیە".
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش دا جگە لە گرووپەکانی تیرۆریستی داعش، هەندێک لایەنی دیکە هەیە کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆکین کە گرووپی تیرۆریستی داعش، گرووپێکی دڕندە و دوور لە بەهاکانی مرۆڤ کارەکانیان ئەنجام دەدەن بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە تاوانی گەورە لەسەر دەستی ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە دەیانەوێت داعش لەناو ببەن، بۆیە ئێمەش ئاگادارین کە کۆمەڵێک پێشێلکاری ئەنجام دەدرێت لەلایەن هەندێک لەو گرووپانەی کە ئێستا هەوڵی ئازادکردنی فەللوجە دەدەن".
دکتۆر فرسەت سۆفی گوتیشی: "جارێ پێمان وایە دەبێت ئەو هێزانە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و دۆخی پەرلەمانی کوردستان دۆخێکی خراپە و ناتوانین کۆببینەوە بەڵام لەگەڵ برادەرانەی پەرلەمانی عێراق قسەمان کردووە کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و ئێمە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانین و سنووری کارکردنمان دیاری کراوە بەڵام نوێنەری کوردمان هەیە لەناو لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبووە و پێمان راگەیاندوون کە ئاوارەکان دێنە هەرێمی کوردستان و ئێمە سەردانیان دەکەین، لە رەوشیان دەکۆڵینەوە، ئەوەی پێمان بکرێت بۆ یارمەرتیدانی خەڵکی سڤیل لە هەر جێگایەک دەیکەین و دەمانەوێت بە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بڵێن کە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە لە ژێر مەترسی داعش و هەندێک گرووپی دیکە هەیە و پێویستی بە یارمەتی نێودەوڵەتی هەیە".
ئەگەرچی هەموو هێزەکانی عێراق دژی گرووپەکانی تیرۆریستی داعش شەڕ دەکەن بەڵام بەهۆی شەڕی مەزهەبی و تائیفی لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق، وا دەکات کە بەرەی داعش بەهێزتر بێت بەهۆی سەرقاڵی لایەنەکانی دیکە.
ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، پێی وایە دەبێت حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ رێگا نەدات شەڕی تائیفی و مەزهەبی پەرەبستێنێت و لە هەمانکاتدا، ئاماژە بە رێکارەکانی یاسایی و ئەمنیی دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: "ئەگەر هەر هێزێک شەڕی مەزهەبی و تایەفی بکات، ئەوە بێگومان دوو ئەوەندە بەرەی داعش بەهێز دەبێت. بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەوەی لەبەرچاو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە رێکارەکانی ئەمنی بگرینەبەر لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەی ئاوارەکان، دەبیت ئاگاداری ئەوە بین کە داعش دزە نەکاتە ناو هەرێمی کوردستان و نابێت داعش بکەینە پەردەپۆشییەک بۆ ئەوەی تەسفیەی مەزهەبی لە ژێر ئەو پەردەیە ئەنجام بدەین کە بەداخەوە ئێمە هەندێکجار بۆنی ئەوە دەکەین و هەست بەوە دەکەین لە ژێر ناوی نەهێشتنی تیرۆر پاکتاوی مەزهەبی دەکرێت کە ئەوە زۆر مەترسیدارە".
دکتۆر فرسەت سۆفی ئاماژە بە هەبوونی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری لێژنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەردانیکردنی کامپەکانی ئاوارەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لە کوردستان دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤمان هەیە و لەلایەن ئێمەوە راسپێردراوە کە سەردانی کامپەکانی ئاوارە و پەنابەرەکان بکات و لە نزیکەوە لە رەوشی ئەو خەڵکە بکۆڵێتەوە بەتایبەتی لە مەخموور و ناوچەکانی دیکە، لەلایەکی دیکەوەش هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دیراسەی ئەوە دەکات لە حاڵەتی ئاوارەبوونی ئەو خەڵکەی ئێستا لەناو مووسڵ ماوەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی ئەمنی هەرێمی کوردستان".
لە بەرامبەردا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە هەر هێز و لایەنێک کارێکی خراپ ئەنجام بدات، ئەوە رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی رەوتی شەڕ لە عێڕاق و لەمبارەیەوە جەبار یاوەر گوتی: "ئێمە خۆمان هیچ چاودێرییەکمان نییە لە ناوچەی فەللوجە تاوەکو بزانین ئاستی پێشێلکارییەکان چین، ئەوەی پشتی پێ بەستراوە هەندێک راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤە، یان هەندێک وێنە لەلایەن لایەنەکانی سووننە بڵاو دەکرێتەوە یان لەلایەن یۆنامی هەندێک راپۆرت بڵاو دەکرێتەوە. بە گشتیی هەر رەوشتێکی خراپ کە ئەنجام بدرێت لەلایەن هەر هێز و لایەنێک، بێگومان رۆڵێکی خراپ دەبینێت لە بەرەوپێشچوونی ئەو شەڕە، ئەگەر هێزەکانی سوپای عێراق و گرووپەکانی حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی دیکە مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ هاووڵاتییانی سڤیل بکەن بەتایبەتی دوای ئازادکردنی ئەو ناوچانە، لە هەمانکاتدا ئەگەر تەعەدا لە خەڵک نەکەن لەبەر سووننە بوونیان، ئەوە بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر هاوکاری هێزەکانی ئەمنی بکات".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان لە چوارچێوەی پلانەکانیاندا، هێزەکانی پێشمەرگە پەروەردە دەکەن بۆ ئەوەی بەرامبەر بە دیلەکانی داعش، رەوشی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن و لەمبارەیەوە گوتی: "لە هەر ناوچەیەک، دەبێت هەموومان پەیڕەوی لە مافەکانی مرۆڤ بکەین بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا و ئێمە هێزەکانی خۆمان بەو شێوازە پەروەردە دەکەین تەنانەت ئەگەر دیلی داعش دەکەوێتە بەردەستی هێزەکانی پێشمەرگە ئەوە بەشێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و رەوانەی دادگایان دەکەین".
ماوەیەکە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنەوەی شار و شارۆچکەکانی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی داعش، کۆمەڵێک پێشێلکاری لەلایەن هەندێک هێز و گرووپەوە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە خراپی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق.
news_share_descriptionsubscription_contact

