hamza mansur
19 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2016
سەرچاوەیەك لە سوپای عێراق رایگەیاند کە 100 سەرباز لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە باكووری رومادی گەمارۆ دراون.
سەرچاوە سەربازییەكە كە پلەی رائیدی هەیە و نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تیرۆریستانی داعش هێزێكی فەوجی دووی سەربە لیوای كۆماندۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار لە نزیك پردی عەلی حاتم لە ناوچەی زەنكورە باكووری رومادی گەمارۆ داوە و گوتی: "ژمارەی ئەو هێزە سەربازییە 100 ئەفسەر و سەربازە".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەیش دا، لە میانی گەمارۆدانەكەدا، تیرۆریستانی داعش بەهاوەن هێزەكانی عێراق بۆردومان كردووە تەنانەت یەكێك لەو هاوەنانە لەناو بارەگا سەربازییەكە كەوتووەتە خوارەوە كە بە هۆیەوە ئامر فەوجی دوو، موقەدەم هەیسم محەمەد بریندار بووە.
هاوكات فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، فەریق رائید شاكر جەودەت رایگەیاند، "هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، سێ گرتووخانەی رێكخراوی داعشیان لە ناوەڕاستی شاری فەللوجە دۆزیوەتەوە".
لە لێدوانێكدا جەودەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، لە میانی هەڵمەتی گەڕان و پاككردنەوەی ماڵەكان لەو مین و بۆمبانەی كە تیرۆریستانی داعش چاندوویانە، توانیویانە لە ناوچەی نەزال ناوەڕاستی فەللوجە، دادگایەكی شەرعی رێكخراوەكە بدۆزنەوە".
بەپێی زانیارییەكانی فەرماندەكە، ئەو دادگایە، سێ گرتووخانەی تێدابووە كە هیچ بەندكراوێكی لێ نەمابوو و پێشبینی کرد، ئەو بەندكراوانە یان لەسێدارە درابن، یان رەوانەی دەرەوەی فەللوجە كرابێتن.
لە 23ی مانگی رابردوو، هێزەكانی عێراق دەستیان كرد بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی فەللوجە و ئێوارەی هەینی، سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەی لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش راگەیاند.