hamza mansur
23 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2016
ئەنبار
فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵ كردنەوەی شاری فەللوجە فەریق روكن عەبدلوەهاب ساعدی دەڵێت، لەچوارچێوەی پێشڕەوییەكانیان، هێزەكانی عێراق ناوچەی گەرمەیان لە رۆژهەڵاتی فەللوجە كۆنترۆڵ كردەوە و ئاڵای عێراقیان تێدا بەرز كردەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا ساعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی عێراق لە ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵ كردنەوەی شاری فەللوجە پێشڕەویی باشیان كردووە و هەتا ئێستاش ناوچەی گەرمە كە بە 13 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شارەكە و دوروبەریان لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش كۆنترۆڵ كردووەتەوە".
سەبارەت بە زیانەکانی گیانی ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵ كردنەوەی شاری فەللوجە، عەبدلوەهاب ساعدی رایگەیاند، لە میانی ئۆپەڕاسیۆنەكەدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی ئەمنی و چەكدارانی داعش روویداوە كە بەهۆیانەوە دەیان چەكداری تیرۆرستی داعش كوژران و زیانی ماددشیان پێگەیشتووە.
بەگوتەی ئەو، لە ئێستادا، هێزەكانی پۆچەڵكردنەوەی بۆمب، خەریكی پاككردنەوە و هەڵكردنی ئەو بۆمبانەن، كە چەكدارانی داعش لە نێو رێگە و ماڵەكانی نێو قەزای گەرمە چاندوویانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەللوجە بە بەشداری هێزەكانی سوپا و دژە تیرۆر و پۆلیسی ئیتیحادی و هۆزە چەكدارەكان و حەشدی شەعبی دەستی پێكرد، كە 33 هەزار چەكدار لەو هێزانە تێدا بەشدارن.
دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنی رزگاركردنی شاری فەللوجە، فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند "هێزەكانی عێراق لە میانی ئۆپەڕاسیۆنەكەدا پێشڕەوییان كردووە و توانیویانە 12 ناوچە لە رۆژهەڵات و باكووری فەللوجە رزگار بكەن".
لە سەرەتای ساڵی 2014وە شاری فەللوجە لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعشدایە و ماوەیەكی زۆرە هێزەكانی عێراق ئامادەكاری بۆ رزگاركردنی دەكەن.
شاری فەللوجە دەكەوێتە سەر رووباری فورات و 50 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری بەغدای پایتەختەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 90 هەزار كەس دەبێت.