Muhammet Kurşun
05 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2016
ههولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی بەرەی توركمانیی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆك و ئایدن مەعرووف و نەوزاد تەیموور و نورەدین قبلان و محەممەد عەلی یونس ئەندامانی سەركردایەتی و عێزەدین خدر راوی بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەرەی توركمانیی عێراقی و ئازاد كورەچی جێگری ئهنجوومهنی پارێزگای هەولێر.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان سوپاسی بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ پەنادان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان و شانازیشیان بەو پێكەوەژیانە كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە و پێزانینیان هەبوو بۆ رۆڵی بارزانی لە پشتگیریكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و هەوڵدان بۆ جێگیركردنی مافەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ئاماژەیان بە خەباتی هاوبەشی كورد و توركمان كرد لەپێناو ئازادیدا و ئەوەشیان راگەیاند، كە هیچ نەیار و ناحەزێك ناتوانێ درز بخاتە نێوان كورد و توركمان و جەختیشیان لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنهوهی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگی لە كاری پارلەمانی و سیاسی لە ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە كردەوە، كە بە قوربانیدان وەدەست هاتوون.
لە بەرانبەردا بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە زۆر بە قووڵی باوەڕیان بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێكهاتەكان هەیە و مافی نەتەوەكانیش بە ژمارەیان ناپێورێت. نەتەوە هەر نەتەوەیە و پێویستە ڕێز لە ماف و داوكارییەكانیان بگیرێت و مافەكانیان جێگیر بكرێن.
بارزانی راشیگەیاند كە دژی بەكارهێنانی وشەی كەمایەتی یان كەمەنەتەوەیە بۆ ناساندنی نەتەوەكانە و پەیوەست بە چارەنووسی عێراقیش ئەوەی خستەڕوو كە، پێویستە چارەسەرێكی تازە بۆ عێراق بدۆزرێتەوە و پێكهاتەكانی عێراقیش لە بڕیاردان بۆ ئەو چارەنووسە ڕۆڵی خۆیان هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا بارزانی ئاماژەی بە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان دا و راگەیاند، كە لەگەڵ دراوسێكان و گەلانی ناوچەكەدا خوازیاری سەقامگیری و پەیوەندیی مێژوویی و كولتووری و ئابووریی باشین.
جێگەی ئاماژەكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هێمن هەورامی و ئەحمەد كانی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.