rawan nheli
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2016
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەمرۆ لە شاری دھۆک بەشداری لە پانورامای شنگال دا کرد کە بە بۆنەی دەربازبوونی دوو ساڵ بە سەر کارەساتی شنگال دا رێکخرابوو.
لە گوتەیەکدا بۆ بەشداربووان بارزانی رایگەیاند: "کارەساتی شنگال، ھی ھەموومانە، رۆژی کارەساتی شنگال لە بیرناکرێت، داعش ھاتبوو بۆ ئەوەی ھەموو کوردستان داگیر بکات نە تەنھا شنگال، بەڵام پێشمەرگەی قارەمان وەڵامیان دایەوە و شکستیان پێ ھێنا".
بارزانی ئاماژە بەوەشدا کە زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ ئێزدی رزگارکراون، ئەگەر خوا حەز بکات ئەوانەی لە دەستی داعش دا ماون، ئەویش رزگار دەکرێن، ئەوانەی لە سەر دەستی داعشیش کوژراون، شەھیدن و گوتی: "چون لێرە لە دھۆک ھەر لەم ھۆڵە بەڵێنی ئەوەم دا کە شنگال بۆ داعش نامێنێت، جارێکی تر پەیمان دەدەم کە یەک بستی خاکی ھەرێمی کوردستان لە دەست داعش نامێنێت.
بارزانی گوتیشی:"کارەساتی شنگال، کارەساتێکی گەورەبوو. دوای کۆنترۆڵکردنی شنگال، بە دوو سێ رۆژ، ھیچ رۆژ ئەو رۆژە بیر ناکەم، کاتێک بابە شێخ ھاتە لام، رۆژێکی ناخوش بوو، ھیچ کاتێک فرمێسکەکانی بابە شێخ لە بیرناکەم، بە منی گوت ئێزدخانە تەواو، پێم گوت ئەو قسەیە مەکە، ئەو کات ئێزدخانە تەواو دەبێت، کاتێ کوردستیانش تەواوبێت، پێم گوت دڵم خوێنی لێ دەبارێ، پێم گوت من زیاتر لە ئێوە کاریگەریم لە سەر کراوە، بەڵام تەنھا یەک شت پێت دەڵێم وەعدتان پێ دەدەم یان توڵەی ئێوە لەم تاوانبارانە دەکەینەوە یان سەری خومانی لە سەر دادەنێین، سوپاس بۆ خوا توڵەکەمان کردەوە بە مەردایەتی. گەلی کوردستان گەلی بە ئەخلاقە، سالی ١٩٩٠، ئەو دو فەیلەقەی کە کوردستان وێران کرد ھەموو کەوتە دەستی جەماوەر و پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام یەک کەسیش ئەزیەت نەدرا و نەکوژرا، بەو رەفتارە ئێمە ئەخلاقی خومان نیشاندا، دوای ئازادکردنی شنگالیش میللەتەکەمان ئەخلاقی خوی نیشادا، توڵە ئەوە نییە ئەم رەفتارەی ئەوان کردیان تۆش ئەوە بیکەیت، توڵە ئەوەیە بکەونە ژێر پێتان و کەوتنە ژێر پێتان".
بارزانی گوتیشی: "ئەمرۆ نێزیکەی ٣٠ ھەزار متری چوار گوشە رزگارکراون و ھەندێک شوێنی کەم ماون، ئەوانیش رزگار دەکرێن"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتیشی: "جێگای داخە ھەوڵ درا بە خرابی سوود لە کارەساتی شنگال وەربگرێت، کارەساتێکی نەتەوەیی بوو، بەڵام ھەر زوو پێشمەرگە وەڵامی ھەموو کەسێکی دایەوە. باشە ئەوان لە کوێ بوون تاوەکو پێشمەرگە نەھات و رێگاکەیان نەکردەوە و شنگالیش رزگار نەکرد. باشە ئەگەر ئەو ھەموو ھێز و ئیمکانیەتە ھەبووبێت بو شنگالیان رزگار نەدەکرد".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێشنیاری من بۆ شنگال ئەوەیە شارەکە وەکو یادگارییەک بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتووش، بۆ ئەوەی بزانن چ بەسەر میللەتی ئێمەدا ھاتووە و لە تەنیشت شنگال، شارێکی نوێ بۆ شنگالییەکان دروست بکرێت".