Dilşad Seyfeddin Ahmet
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2016
لە رێوڕەسمەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكوومی و چین و توێژە جیاوازەكان و ئاوارە ئێزدییەكانی نیشتەجێی شارەكە ئامادەبوون، تێیدا جگە لە پێشكەشكردنی چەند گوتارێك، چەند چالاكییەكی تری تایبەت پێشكەش كران لەوانەش فیلمێكی بەڵگەنامەیی ڤیدیۆ و فۆتۆیی ئاژانسی ئانادۆڵو كە لەلایەن وێنەگری ئاژانسەكە، فەریق فەرەجەوە پێش دووساڵ لە نزیك شنگال تۆماركراون.
پارێزگاری سلێمانی، ئاسۆ فەرەیدون لە رێوڕەسمەكەدا و لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە كارەساتی شنگال و نەهامەتییەكانی دانیشتووانەكەی لە دوای سەرهەڵدانی چەكدارانی داعش و داگیركردنی ئەو ناوچەیەوە كرد.
ئاسۆ فەرەیدون گوتی: "دەتوانین بەسەر قەیرانەكانی تری هەرێم زاڵ بین و لە كارەساتەوە بردنەوە تۆمار بكەین، داهاتوویەكی روونمان لە پێشە و كۆتایی بە قەیرانە سیاسی و داراییەكانمان دێت و پێ دەنێینە قۆناغێكی نوێ لە ئاوەدانی و بوژاندنەوەی نیشتمانی و نەتەوەییمان و تاوانبارانی كارەساتی شنگالیش بە سزای خۆیان دەگەن".
نوێنەری ئێزدییەكان، قاسم ئوسمان لە گوتەیەكدا باسی لە كارەساتەكە و ئەو تاوانانە كرد كەلەلایەن چەكدارانی داعشەوە بەسەر دانیشتووانی شارەكە هات.
ئەو بەناوی ئێزدییەكانەوە داوای كرد، بەشی باشووری شاخی شنگال رزگار بكرێت كە چەند ناحیە و گوندێك لەخۆ دەگرێت و گوتی: "تائێستاش نیوەی شنگال بەدەست داعشەوە ماوە، هەروەها داوای كرد ئەو كەسانەی لەلای داعش گیراون ئازاد بكرێت و مووچە بۆ كەسوكاری شەهیدان دابین بكرێت، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی و خزمەتگوزارییەكان بۆیان.
هەروەها داوای كرد كەیسی شنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی كاری لەسەر بكرێت و بە جینۆساید بناسرێت.
لە بەشێكی تری رێوڕەسمەكەدا چەند چالاكییەكی هونەری پێشكەش كران، هەروەها فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری فۆتۆ و ڤیدیۆكانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر كارەساتەكە و وێنەی دانیشتووانی شارەكە لە كاتی ئاوارەبوونیاندا نمایش كرا کە جێگەی سەرنجی ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە بوو.