Hemn Baban
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2016
بارزانی وێڕای باسكردنی خەمساردی عێراق لە یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەوەیشی بە شاندی نەتەوەیەكگرتووەكان گوتووە کە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەكردەیی یارمەتی ئاوارەكان بدات.
بارزانی جەختیشی كردەوە "پێویستە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بەشداری پڕۆسەی سەربازی و سیاسی و ئیدارییەكان بن و رێزی بڕیاری خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان بگیرێت و حەز و بڕیاری ئەوان لەبارەی ئایندەیان جێبەجێ بكرێت".
ئەمڕۆ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، جان كۆبیس و شاندێكی یاوەری كرد، لەو دیدارە سەرەتا كۆبیس نوێنەری نوێی نووسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان رێكاردۆ رۆدڕێگزی بە بارزانی ناساند و دواتر بارزانیی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە نیۆیۆرك و كۆنفڕانسی هاوپەیمانان لە واشنتۆن ئاگاداركردەوە و ئەوەیشی خستە روو كە كەشی كۆبوونەوەكان زۆر پۆزەتیڤ بوون و ئومێدێكی زۆر بۆ تێكشكاندنی داعش لە ئارادایە.
جان كۆبیس هەروەها ئاماژەی بە نیگەرانییەكانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و باری مرۆیی ئاوارەكان و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە "پێویستە قسە لەسەر هەموو وردەكاری و رەهەندە سەربازی و سیاسی و مرۆییەكانی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردن و پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان لایەنەكان بكرێت". هاوكات لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق باسی لە پلانی مرۆیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و ئامادەیی رێكخراوەكەشی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان.
هەر لەو كۆبوونەوەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی تیشكی خستە سەر ئازادكردنی مووسڵ و ئەوەی بە شاندی میوان راگەیاند كە قۆناغی دوای رزگاركردنی مووسڵ گرنگ و هەستیارە، ئەوەیشی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە چارەنووسی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانە بەتایبەت ئێزدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا، هەروەها گوتیشی كە پێویست دەكات ئایندەی مووسڵ بەهەموو وردەكارییەكانییەوە لە رووی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە روون بكرێتەوە.
بارزانی جەختیشی كردەوە "پێویستە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بەشداری پڕۆسەی سەربازی و سیاسی و ئیدارییەكان بن و رێزی بڕیاری خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان بگیرێت و حەز و بڕیاری ئەوان لەبارەی ئایندەیان جێبەجێ بكرێت".
سەبارەت بە یارمەتیدانی ئاوارەكان و هاتنی ئاوارەی زیاتریش كە پێشبینی دەكرێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی رزگاركردنی مووسڵ روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بارزانی بە شاندی میوانی راگەیاند دەرگای كوردستان بە رووی خەڵكی لێقەوماو كراوەیە و وێڕای ئاماژەدان بە خەمساردی حكوومەتی عێراق لەمەڕ یارمەتیدانی ئاوارەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە دەبڕینی هاوسۆزی و بەڵێن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەنیا یارمەتی ژیانی ئاوارەكان نادات و پێویستە هەنگاوی كردەی بۆ یارمەتیدانییان بنرێت.