Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "ھیچ کەسێک ناتوانێت ئیتر لەم وڵاتەمان جیا بکاتەوە. کێشەی ئەو کەسانەی کە رێکخراوی تیرۆریستی وەک ماشەیەک دژی ئێمە بەکاردەھێنن، برا کوردەکانمان نین، ھاوکات ناوچەکەش نییە. کێشەی ئەوان تۆڵەسەندنەوەی فەتحە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی ٦٥٣ـەمین ساڵیادی فەتحی ئیستانبوڵ، لە گۆڕەپانی یەنیکەپی وتارێکی بۆ کۆبوونەوەی جەماوەری پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر بەبێ باسکردنی ئیستانبوڵ ھەوڵی نووسینەوەی مێژوو بدەن ئەوا قەلەمەکانتان کول دەبێت. ئەو تەمەنەی بەبێ دیتنی ئیستانبوڵ تێپەر دەبێت، تەمەنێکی تەواو نەبووە. بۆیە پێویستە نرخی ئەو شارە زۆر بەباشی بزانین. بۆ ئێمە زۆر گرنکە کە ئەم شارە بووەتە جێگای مژدەی پێغەمبەری خۆشەویستمان. ٥٦٣ ـەمین ساڵیادی فەتحی ئیستانبوڵ پیرۆز بێت".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "ئەم گەلە وەڵامی پێویستی ئەو ھێزانەی داوەتەوە کە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا بە گشت توانای خۆیان لە بەرەی قەفقاس، شەڕی کوت و عەمارە، چاناککالە ھێرشیان کرد. لە دوای شەڕی رزگاری کۆماری تورکیا لەدایکبوو. ھیوادارام بگەینە ئامانجەکانی ٢٠٢٣ و ببینە یەکێک لە ١٠ بەھێزترین وڵاتی ئابووری جیھان".
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "لە ماوەی ١٣ ساڵی دەسەڵاتی ئێمەدا لە تورکیا، گەورەترین پرۆژەی گەشەپێدانمان ئەنجامداوە. ئەوان چیان بە ئێمە گوت؟ "گوتیان ناتوانن لە ژێر گەرووی ئیستانبوڵ، تونێل و مێترۆ دروست بکەن". باب و باپیرانی ئێمە، عوسمانییەکان پرۆژەی خۆیان ئەنجامداوە و ئێمەش پرۆژەمان ئەنجامدا".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی گوتی: "لە پەرلەمانی تورکیا تاوتوێی پێشنیاری پارتی دەسەڵات لەسەر ھەڵگرتنی پارێزبەندی کرا و بە کۆی ٣٧٦ دەنگ پەسند کرا. ئەمەش مانای چییە؟ دادگا بڕیارنامەی ناردووەتە پەرلەمان و تاوتوێی لەسەر کراوە. ئەم بڕیارنامانەیە ١٦٨ پەرلەمانتار دەگرێتەوە و ئێستا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە. لە دوای ئەمەش ھەموو شتێک دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری دادگا".
سەركۆماری توركیا گوتیشی: "ئێستا وادیارە کە رووناکی شارستانێتی ١٤٠٠ ساڵی ئێمە کەسانێکی نارەحەت کردووە. وادیارە کە کەسانێک قبولێ ھەزار ساڵەی بوونی ئێمە لەو جوگرافیایە ناکات. دەشزانن کە ئازاری ٦٠٠ ساڵەی فەتح ھێشتا نوێیە. ھەرچەند ئێمە لەبیر بکەین ئەوان لەبیری ناکەن. ئێمە چەند لێیان نزیک بینەوە ئەوان واز لە ئامانج و خەونی خۆیان ناھێنن. بۆیە ئێمەش لەبیر ناکەین، بۆیە ھەرگیز واز لە بوونی خۆمان ناھێنین".